نامەکە بە ناونیشانی 'تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد ڕاوەستێنن' نوسرا و ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبیۆ کرا.
کۆمەڵەی نێونەتەوەیی توێژینەوەی ئاشتی، یەکێتی خۆڕاگرانی جەنگ، خوشک و برایەتی ئاشتەوایی، کۆڕبەندی گەلانی ژێردەستە و دەستپێشخەری چالاکی بەرخۆدان نامەیەکیان ئامادە کرد.
لە نامەکەدا لە حکومەتی نوێی ئەمریکا داوا کراوە پشتگیری لەم بانگەوازە 'بەرپرسیارانە' بکات.
تورکیا هەڕەشە لە ئارامی هەرێمەکە دەکات
لە نامەکەدا هاتووە: "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەوڵەتی تورک هێرشی بەرفراوان و قورس لە دژی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردوە. ئەم پڕۆسەیە دەبوو بگۆڕدرایە بۆ پرۆسەی دیالۆگی ئاشتی و دیموکراتیک، کەچی بۆ بەرژەوندی هێزەکانی دەرەوە گۆڕا بۆ گۆڕەپانی شەڕ و مەترسی ئارامی هەرێمەکە بە تایبەت لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە.
هێرشی هێزەکانی تورکیا لەسەر دوو خاڵی سەرەکی بەڕێوەدەچێت؛ ئەوانەش پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرینە کە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا/ڕۆژئاوایە. ئەمە دووەش بۆ گرێدانی نێوان مەنبج و کۆبانێ خاوەنی گرنگییەکی ستراتیژیە. هەربۆیە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت هەر دوو شوێنەکە کۆنترۆڵ بکات. زیانی ژێرخانی بەنداوەکە ڕێگە لە بەردەم ئەنجامی کارساتی مرۆی دەکاتەوە، مەترسی لەسەر ژیان و گوزەران لە ناوەندە شارەکانی وەک ڕەقە و دەوروبەری دروست دەکات."
لە نامەکەشدا باس لەوەکراوە دەوڵەتی تورک بە فرۆکەی بێفرۆکەوان و فرۆکەی جەنگی F-16 و تۆپ لە دژی مەدەنییەکان کە لە بەنداوەکە کۆدەبنەوە و مەدەنییەکانی دەروبەری هەرێمەکە بە کاریهێناوە، ئەم هێرشانە بوون بە هۆکاری ئەوەی چەندین قوربانی لێ بکەوێتەوە.
'پێویستە هەلومەرجی تەندروستی، سەلامەتی و خەباتی ئۆجالان دابین بکرێت'
هەروەها لە بەردەوامی نامەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە کە ئێستا دەرفەتی باش هەیە کە هێرشەکانی تورک لە دژی گەلی کورد ڕابگیرێت و گوتراوە: "ئۆجالان پێشتریش چەندین جار خواستی بۆ چارەسەری ئاشتیی کێشەی کورد دەربڕیوە و لە دیدارەکەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئەم داواکارییەی دووپات کردەوە. ئەم دیدارە لە ٢٨ی کانوونی دووەم ئەنجام درا.
ئۆجالان ئاماژەی بەوەکردوە کە دەبێت بە شێوەیەکی خێرا کێشەی کورد بە دیالۆگی بونیاتنەرانە و هەوڵدانەکانی پەرلەمان چارەسەربکرێت. ئۆجالان دڵسۆزی خۆی بۆ بەرەپێشبردنی ئاشتی نێوان کوردان-تورک جارێکی دیکە دیاریکردوە و ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیکی پێشکەش کردوە. ئەگەر هەلومەرجی سەلامەتی، تەندروستی و کارکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دابین بکرێت، دەتوانێت ئاشتەوایی و پەیوەندییەکان بۆ چارەسەری سیاسی پەرەپێبدات".
'پێویستە تەواوی هێرشەکان ڕابگیرێن'
لە کۆتایی نامەکەشدا نوسراوە: "ئەم دەرفەتە ڕەنگە لە ڕێگەی فشاری سیاسی واشنتۆن DCوە بێتە ئاراوە، چونکە تورکیا هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکایە و ئەندامی ناتۆیە. هەربۆیە بۆ ئەوەی تەواوی هێرشەکان لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕابگیرێت، داواکاریمان لە ئێوە ئەوەیە کە هەرچی لە دەستان دێت ئەنجام بدەن".
ناوی ڕێکخراوەکان کە نامەکەیان واژۆکردوە:
International Peace Research Association
War Resisters League
Fellowship of Reconciliation
Occupied Peoples Forum
Resistance Studies Initiative