بە چالاکییەک داواکاری بۆ ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان کرا

کۆمەڵێک لە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لەبەردەم زیندانی ئەوین لە تاران داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان کرد.

کۆمەڵێک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری زیندانیان، کە نێرگز محەمەدیشیان لە ناودایە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “نا بۆ سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژی سێشەممە” لە بەردەم زیندانی ئەوین گردبونەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیان کرد.

پشتیوانی لە چالاکییەکانی دژی سزای لە سێدارەدان، کە هەموو سێشەممەیەک لە زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەردەوامە و لە چوارچێوەیشدا چالاکییەکانی هەفتەی ٥٦ دا، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری زیندانیان لە بەردەم زیندانی ئەوین لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕاگەیاند.

کۆمەڵێک لە زیندانیان و چالاکوانانی پێشووی وەک نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، سەدیغی ڤاسماغی، عەلیە مۆتەلب زادە، هەستی ئەمیری، شەقایەق مورادی، ئیلهام ساڵحی، عەلی نانوایی، کامبز نەوروزادە و مەجید موسافر لە ١٨ـی شوباتەوە بەشداریی چالاکییەکە بوون.

ئەو گروپە بەردەوام دروشمی “نا بۆ لەسێدارەدان”یان دەوتەوە و پانکاریی “زیندانیانی سایسی ئازاد بکرێن، ژن، ژیان، ئازادی، پێویستە یەکبگرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، نا بۆ سزای لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیان و دەبێت دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان ڕابگیرێت”یان بەرزدەکردەوە.

ئەو گروپە کە لە بەردەم زیندان چالاکییەکەیان ئەنجامدا، داوایان کرد دەستبەجێ ئەو سزای لەسێدارەدانەی بەسەر وریشە مورادی، پەخسان عەزیزی و شەریفە محەمەدیدا سەپێندراوە هەڵبوەشێنرێتەوە.