کەنەکە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی پیرۆزکرد

کەنەکە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی پیرۆزکرد و ڕایگەیاند، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، لە پێناو گەشەدان، پاراستن و لێک نزیککردنەوەی زار و بنزارەکانی کوردیدا تێبکۆشین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی  ٢١/٢/٢٠٢٥ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی کەنەکە بەمشێوەیەیە:

ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن، ئەو کاتە چی واتایەک بۆ ژیان و بوون دەمێنێ!

ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆزبێت!

زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر رووی زەمینە. ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچوونی ڕەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە. هەر بۆیەش لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سووریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بووە، لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بە تێپەڕبوونی کات زمان بەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات. نموونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لە بەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردییەوە خراونەتە زیندانەکانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

لەم ڕوانگەوە ئەرکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنووری دروستکراوی ئەم دوو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی ڕۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن پەروەردەدا هەبێت.

لە ئێستای جیهان دا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلیکترۆنییەوە.

ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاس و پێزانینی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسی دامەزراوییانەی ئەو بوارە دەکات و پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم (باشووری کوردستان) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی (ڕۆژئاوای کوردستان)ـیشە لە ڕوانگەی سیاسەتی زمانی و پیلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جدی بەهەند بگرێت و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە ڕۆژەڤ و پیلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ ڕاسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو ڕێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک)، وەک ئەرکی خۆی و کارە بەردەوامەکانیی لە هەوڵ و  کۆششی خۆی بۆ گەشەپێدانی زمان و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی بەردەوامدەبێت.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت.

ئەرکمانە، بەردەوام لەخەمی گەشەپێدان و پاراستن و لێک نزیککردنەوەی زار و بنزارەکانی کوردیدابین و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا زمانەکەمان بپارێزین و پێشیبخەین.