ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦/١/٢٠٢٥، کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان دژی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە پێش بینای پارێزگای شاری سنە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم سزایە و ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی و باوەڕییەکانیان کرد.
چالاکوانان کە وێنەی پەخشان عەزیزی-یان بەدەستەوە بوو بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە. لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو سزایەی کە بەسەر پەخشان عەزیزی دا سەپێنراوە، نەک هەر نادادپەروەرانە، بەڵکو نادادپەروەرییەکی ئاشکرای بەرامبەر بە بەها مرۆیی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.
لە بەیاننامەکەی ژنانی چالاکواندا وەها هاتووە:
ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی دەنگمان لە دژی نادادپەروەری ئاشکرا و ناڕەوا بەرز بکەینەوە. پەخشان عەزیزی ژنێک کە هەموو ژیانی خۆی بۆ یارمەتیدانی هاو مرۆڤەکانی خۆی تەرخان کرد، چالاکوانیکی کۆمەڵایەتیە کە زیاتر لە ١٠ ساڵ لە گەڵ قەیرانە مرۆییەکان لە کەمپەکانی پەنابەران خزمەتی لێقەوماوانی دەکرد، هێمای خزمەتێکی گەورەیە بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوەتەوە.
پەخشان چالاکوانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سەرچاوەی ئومێدی هەزاران ژن و منداڵ بوو؛ ئەو ژنانەی لە سایەی شەڕ و وێرانکاریدا گیانیان لەدەستدا، و ئەو منداڵانەی کە هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نەمابوو، پەخشان ئەو دەستە بوو کە لەو بارودۆخە وێرانەدا ژیانی پێ بەخشینەوە؛ هەر ئەو دەنگەی کە لە بێدەنگیدا بەسەر ستەملێکراواندا سەپێنرابوو ئەو هاواری دادپەروەری بوو. چالاکییەکانی تەنیا بۆ رزگاری جەستەیی و ژیانی بریندارەکان نەبوو، بەڵکو مژدە بەخشی ژیان و هیوا بە داهاتوو بوو.
بەڵام ئەمڕۆ لەبری پاداشت و پێزانین، ئەم ژنە تێکۆشەرە ڕووبەڕووی سزایەک بووەتەوە کە نەک هەر لەگەڵ خزمەت و چالاکییەکانیدا ناتەبایە، بەڵکو هێمای نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خزمەتی کەسێکی وەها مرۆڤدۆست.
پەخشان عەزیزی تەنها مرۆڤێک نییە؛ ئەو هێمای ئارمانە مرۆییەکانە. لە بەرامبەر مردن و نائومێدیدا ئەو نوێنەرایەتی هیوا و ژیان و بەرخۆدان دەکات. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئەم کەسە، هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی هەمان ئەو بەها بنەڕەتییانە. ئەو سزایەی بەسەر پەخشان عەزیزی وەک توێژەر و خزمەتکارێکی کۆمەڵایەتی سەپێنراوە، دادپەروەرانە نییە، چونکە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و گەڕاندنەوەی هیوا بۆ ژیان قەد تاوانێک نییە و نابێت. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە و سزای ناڕەوای لەسێدارەدان بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی و باوەریەتەکان دەکەین کە بتوانێت بەشێک لە پێگەی مرۆیی و ئەخلاقی بۆ سیستەمی دادوەری بگەڕێنێتەوە."