سزای ماڵبەندکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم هەڵوەشایەوە

یەکەمین دانیشتنی دۆزی هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم بیرسەن ئۆرهان کە پۆستەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و قەیوم لە شوێنی دانراوە، بەڕێوەچوو؛ سزای ماڵبەندکردنی هەڵوەشایەوە.

دانیشتنی دۆزی هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم بیرسەن ئۆرهان کە پۆستەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و قەیوم لە شوێنی دانراوە لە دادگای تونجەلی بەڕێوەچوو. لە دانیشتنی یەکەمدا سزای ماڵبەندکردن و قەدەغەی دەرچوونی بیرسەن ئۆرهان هەڵوەشایەوە. دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ ٧ ی کانوونی یەکەم.

دوای دانیشتنەکە، بیرسەن ئۆرهان لەبەردەم دادگا قسەی کرد ڕایگەیاند لەماوە مانگێکدا ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن و ماڵبەندکردن و قەدەغەی دەرچوون بووەتەوە، ئەمەی وەک "زنجیری نادادی" ناوبرد.

بیرسەن ڕایگەیاند ئەنجامدانی خۆپیشاندان کە مافێکی ڕەوایە وەک تۆمەت بینراوە، خۆپیشاندان بۆ پاراستنی دەنگی گەل تاوان نییە.

وەزارەتی ناوخۆ لە ٢٢ ی تشرینی دووەم شارەوانی دێرسیمی لە پشکی دەم پارتی و شارەوانی پولوری دێرسیمی لە پشکی جەهەپە دەست بەسەدا گرت. بیرسەن ئۆرهان لەکاتی خۆپیشاندان دەستبەسەرکرا و بە پاساوی "پێشێلکردنی یاسای خۆپیشاندان و ڕێپێوان" و "کارکردن پێچەوانەی ئەرکەکەی" زیندانی کرا، پاشان سزاکەی گۆڕا بۆ ماڵبەندکردن و قەدەغەی دەرچوون.