'بە هەزاران شیلان لەسەر ڕێبازی شەهیدان دەڕۆن'

خوشکی شەهید شیلان کۆبانێ هەیفا شێخ محەمەد ڕایگەیاند کە شەهید شیلان لە دژی هەر جۆرە دەسەڵاتداری و دواکەوتوویی جڤاک سەری هەڵدا و دەڵێت شەهید شیلان جەسارەتێکی بێ وێنە بوو.

ئەمڕۆ ١٩ـەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەیەدە شەهید شیلان کۆبانێ و هەڤاڵانی زەکیە، جوان، فوئاد و جەمیلەیە. شیلان کۆبانێ و هەڤاڵانی لە پیلانێکدا لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ لە سەر ڕێگای موسڵ شەهید بوون.

شیلان کۆبانێ کە دژی عەقڵیەتی دواکەوتووی جڤاک سەری هەڵدا بوو و ڕێگای تێکۆشانی هەڵبژارد، ئەمڕۆ بۆتە نموونەی شۆڕش، بەرخۆدان و پێشەنگایەتی بۆ هەموو ژنانی کورد.

تێکۆشەر شیلان کۆبانێ (مەیسا باقی) لە ساڵی ١٩٧١ لە کانتۆنی کۆبانێ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە عەشیرەتی کێتکان لەدایک بووە. تێکۆشەر شیلان کۆبانێ هەر لە گەنجییەوە لە عەقڵیەتی دواکەوتووی کۆمەڵگا  سەری هەڵدا بوو و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەمووان ڕێز لە ئیرادەی بگرن.

خوشکی شەهید شیلان کۆبانێ، هەیفا شێخ محەمەد بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد و باسی یادەوەری و جەسارەتی شەهید شیلانی کرد.

 هەیفا ڕایگەیاند، شەهید شیلان کۆبانێ لە تەمەنی گەنجیدا ئیرادە و بەرپرسیارێتی هەبووە و دەڵێت:"شیلان لە ساڵی 1971 لە کۆبانێ لەدایک بووە، لە گەنجیدا بەرپرسیارێتی و هێزی هەبوو. لە ناو گەل و جڤاکدا رێزدار و خۆشەویست بوو، هەروەها لە ناو بنەماڵەیشدا بە جەسارەت بوو."

هەیفا باسی لەوەشکرد، شەهید شیلان لە تەمەنی گەنجیەوە تێکۆشانی دەستپێکردووە و دژی بیرۆکەی عەشایەری بووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"شیلان دوای دەرکەوتنی بزووتنەوەی ئاپۆیی وکاتێ هاتە شاری حەلەب، شیلان گرێدراوی بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو، کاتێک دایکم خواردنی ئامادە دەکرد شیلان خواردنی بۆ هەڤاڵان دەبرد و تەنانەت شوێنی ماڵی هەڤاڵانی پێ نەدەوتین، هێندە هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد.

سەرەڕای دەسەڵاتداری ڕژێمی بەعس لە سوریا شەهید شیلان بە بەهای کوردایەتی و زمانەکەیەوە و دەستی بە خوێندنەوە و نووسینی کوردی کرد. کە بچووک بووین شیلان فێری پیتی کوردی دەکردین. دوای ئەوەی شیلان لە هەڤاڵەکانی فێری زمانی کوردی بوو، ویستی ئێمەیش فێری زمان بکات. باوکم هەروەها مێزێکی هێنا و لە ژوورەکەدا داینا. لەو کاتەدا ئێمە دەستمان بە خوێندن و نووسینی زمانی دایکی خۆمان کرد و دژی بیرۆکەی بەعس بووینەوە."

هەیفا ئاماژەی بەوەدا، شەهید شیلان کۆبانێ دژی بیرۆکەیەک کە ژن تەنها وەک کەرەستە دەبینێت وەستایەوە و دەڵێت:"من و شیلان هاوڕێ بووین نەک وەک خوشک. لەو کاتەدا من و شیلان و قودرەت وەکو دووانە پێکەوە بووین، داپیر و باپیرمان دهەموو شتێکیان لەئێمە قەدەغە دەبینی، چونکە ئێمە ژنین. بەڵام شیلان لە دژی ئەو بیرۆکەیە سەری هەڵدا و بەرامبەریان هەڵوێستی گرتەبەر، ئێمە ئەو بوێرییەی لە شیلاندا بوو لە خۆماندا نەبینی.

شیلان لە تەمەنێکی گەنجیدا تێکۆشانی بۆ مافی ژنان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"زۆر شانازیم دەکرد کاتێک شیلان بۆ ئازادی و مافەکانی ژنان ڕووی کردووتە چیاکان، شیلان بوو بە شۆڕشگێڕ و لە پێناو کورد و کوردستانی خۆیدا تێکۆشانی دەست پێکرد."

 لە کۆتایی قسەکانیدا، خوشکی شەهید شیلان کۆبانێ، هەیفا شێخ محەمەد، وتی:"یەک شیلان ڕۆشتووە، هەزاران شیلان سەریان هەڵداوە و خاوەنداری لە شیلان و بەهاکانی دەرکەوتن. ئەو ڕێگایەی کە شیلان پێدا ڕۆیشت ئەوان تا کۆتایی پارێزگاری دەکەن، هەزاران شیلان ڕێگای تێکۆشانیان بۆ ئازادیی ژن و پاراستنی بەهای ژن گرتەبەر، ئێمەیش بەڵێن دەدەین هەتا کۆتایی  بەرگری لە پارتیمان و خۆمان، شەهیدان و شیلان دەکەین."