بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی فراوانکردنی تێکۆشان کرا

ئەندامی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە سوریا خالید ئەلحەسەن، ڕایگەیاند پێویستە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانێکی کاریگەر بکرێت.

ئەندامی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و ئەندامی مەجلیسی گەلی دیموکراتیکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، خالید ئەل حەسەن، ڕاگەیاندراوێکی بە واژۆی هەزار پارێزەر بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بیرهێنایەوە و گوتی: "پێش چەند ڕۆژێک هەزار پارێزەر بۆ کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕاسپاردەیەکیان بە داوای یاساییەوە واژۆ کرد و پێشکەشیان کرد".

خالید ئەل حەسەن، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنگرانی ئازادی لە جیهان کرد و ڕایگەیاند نزیکایەتییەکی دوو ڕووانە بەرامبەر دۆسیەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، بۆیە هەموو داخوازییەکان بێ وەڵام دەمێنن. گوتی: "بۆ ئەوەی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕەوشێکی تەندروستدا بژی، داوامان کرد چاوی بە خزمەکانی بکەوێت".

خالید رایگەیاند، ئەو کەمپەینەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کردووە تا دێت فراوانتر دەبێت و گوتی: "بانگ لە گەلانی هەرێمەکە دەکەین، بێنە گۆڕەپان و چالاکی بکەن. بۆ چارەسەرکردنی دۆزی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بانگەوازمان لە یاساناسانی جیهان کرد فشار لە تورکیا و ڕای گشتی بکەن".