بەهۆکاری هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هەزاران کەس بێ ئاوبوون

لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەر قامیشلۆ، زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس ئاویان لێبڕاوە.

نوسینگەی وزەی کانتۆنی جزیرەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیوەست بە هێرشەکان ڕاگەیاندراوێکی پڕ زانیاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: " لە ئەنجامی بۆردومانکردنی وێستگەیی کارەباوە، ئاوی دەیان شاری هەرێمەکە و گوندەکانی؛ دێریک، کۆچەرات، ناچەکانی گرکێ لەگێ، چلاخا، تل کۆچەر، تربە سپی، تل حەمیس، شاری قامیشلۆ و ناوچەی عامۆدێ بڕاوە. چونکە لەبەر نەبوونی کارەبا وێستگەیی ئاوی ئەو ناوچانە لە کارکردن ڕاوەستاوە.

هەروەها هەر سێ وێستگەی ئاوی هیلالی، لوێجە و جەق جەق کە ئاوی زیاتر لە ٩ هەزار ماڵی لەسەربوو، بە هۆی نەبوونی کارەباوە لە کارکردن وەستاوە. لە دێریکیش ١٢ بیر لە کارکردن ڕاوەستاون کە ئاوی ٣ هەزار و ٥٠٠ ماڵیان لەسەربوو".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە لە ناوچەی گرکێ لەگێ: ٩ بیر لە شاری کەشکە، ٣٦ بیر لە ناوچەی چلاخا، ١٤ بیر لە ناوچەی تربە سپی کە ئاوی دە هەزار و ٩٠٠ ماڵی لەسەر بوو، لە کارکردن ڕاوەستاون، لە ناوچەی تل حەمیس ١٠ بیر و لە ناوچەی عامۆدێ ٢٤ بیر لە کارکرن کەوتوون.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە هەر سێ وێستگەکەی قامیشلۆ و ١٠٥ بیری تر، ئاوی زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەسیان دابین دەکرد.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٣ی کانوونی دووەمەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەڕکەڕ، بۆردومانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.