دانیشتوانی کانتۆنی جزیرە لە دژی کۆمەڵکوژی پاریس رێپێوانیان کرد

دانیشتوانی کانتۆنی جزیرێ رژانە شەقامەکان و کۆمەڵکوژی پاریسیان بە توندی شەرمەزار کرد.

لە دژی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ کە لە پاریس لە دژی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز روویدا، لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە لە سەر ئاستی کانتۆنی جزیرێ رێپێوانێک لە قامیشلۆ سازکرا.

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی جزیرێ رژانە شەقامەکان و بە دروشمی "نابۆ توندوتیژی" رێپێوانیان کرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیر، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، یەکێتی ژنانی گەنج، خەڵکی عامودێ وقامیسلۆ، تربەسپی، تل حەمیس، درباسیە و گرکێ لەگێ بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی وەک "نا بۆ خیانەت" و "نابۆ داگیرکەری" وترانەوە. هەروەها لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وێنەکانی شەهیدانی کۆمەڵکوژیەکانی پاریس و پلاکارد بە نوسینی "بە رۆحی شەهیدانی پاریس ئێمە فاشیزم و داگیرکەری لەناو دەبەین" بەرزکرانەوە.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی عوسمان سەبری لە شاری قامیشلۆ تا ناوەندی کولتوری و هونەری محەمەد شێخۆ بەردەوام بوو. رێپێوانەکە لەوێ گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە. دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ شاها خەلیل قسەی کرد و ورایگەیاند، "هەڤاڵ سەکینە یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە بوو. هەڤاڵ سەکینە و هاوڕێکانی لەپێناو گەلدا بەرخودانێکی گەورەیان کرد. ئەو کۆمەڵکوژیانە تەنیا لە پاریس روونادەن، بەسەدان کۆمەڵکوژی لە تورکیا لە دژی ژنانی ئەنجامدراون. دەیانەوێت ئیرادەی ژنان بشکێنن، بەڵام با دوژمنمان باش بزانێت کە ئێمە لەسەر هێڵی شەهیدانمان دەبین و هەرگیز بەرخودانمان ناوەستێت.

دواتر بە نوێنەرایتەی کۆنگرەی ستار جەواهیر عوسمان قسەی کرد و رایگەیاند، "هەموو شەهیدانی تێکۆشەرمان بە بیر دەهێنینەوە و بەژنی خۆمان بەرێزەوە لەبەردەم یادی ئەوان دەنوشتێنینەوە لە سەر ناوی ژنانی تێکۆشەر کۆمەڵکوژیەکانی پاریس بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوای ئێمە لە هەموو رێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە خاوەنداری لە خوێنی شەهیدانمان دەکەین و ئازادی جەستەیی رێبەرمان دەستەبەر دەکەین".

رێپێوانەکان بە هەلهەلەی دایکان و بە وتنەوە دروشمەکانی "بمرێ خیانەت" کۆتاییهات.

هـ . ب