حکومەتی ژاپۆن دژی کورد پلانێک جێبەجێ دەکات
بە وتەی رۆژنامەنوسێکی ژاپۆنی حکومەتی ئەو وڵاتە پلانێکی دژ بە رێکخراوە کوردییەکان داناوە و دەیەوێت لە چوارچێوەی خواستی دەوڵەتی تورکدا دەست بە سەر سامانیاندا بگرێت.
بە وتەی رۆژنامەنوسێکی ژاپۆنی حکومەتی ئەو وڵاتە پلانێکی دژ بە رێکخراوە کوردییەکان داناوە و دەیەوێت لە چوارچێوەی خواستی دەوڵەتی تورکدا دەست بە سەر سامانیاندا بگرێت.
رۆژنامەنووسی ژاپۆنی ئیشی تاکاکی ئاشکرای کردووە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەسەر داوای حکومەتی ژاپۆن پلانێکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی دەست بەسەر سامانی رێکخراوە کوردیەکاندا بگرێت، بە پاساوی پشتیوانیان لە بزوتنەوەی ئازادیی کورد.
ئەم هەوڵەی پەرلەمانی ژاپۆن دوای ئەوە دێت کە لە ٨ی ئایاردا چەند پرسێکی پەیوەست بە کورد و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و پەکەکەیان لە دانیشتنێکدا تاوتوێ کرد، بەتایبەتی پرسی هەڵدانی هێما نەتەوەییەکان و ئاڵاکانی بزوتنەوەی ئازادیی گەلی کورد لە مەراسیمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و وتنەوەی سرودە شۆڕشگێڕییەکان لەو مەراسیمانەدا.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بە لێدوانێکی یۆکۆ کامیکاوا وەزیری دەرەوەی ژاپۆن کردووە کە دەڵێت، پێویستە بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک چالاکییەکانی پەکەکە رابگرین" ئەوەشی بە بەڵگەیەک لەسەر خواستی حکومەتی ژاپۆن ناوبردووە، بۆ ئەوەی دەست بەسەر سامانی رێکخراوە کوردییەکان لەو وڵاتە بگرێت.
هـ . ب