'لەدژی زەوتکردنی شارەوانیی ئەسەنیۆرت دەبێت پێکەوە خۆڕاگری بکەین'

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، "دەیانەوێت پەیامێک ئاراستەی لێکتێگەیشتنی شار و ئیستەنبوڵ بکەن. دەبێت پێکەوە بەرامبەری بوەستینەوە، ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆڕاگری بکەین. ئایشەگوڵ دۆغان داواشی کرد دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت.

وتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتە گەرمەکان لەبارەگای گشتیی پارتەکەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی سازکرد.

دۆغان ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیۆرت ئەحمەد ئۆزەر و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی دەربڕی. وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، "ئەگەر پێکەوە لە دژی قەیوم نەڵێن نا و دژی ئەم کردەوە نایاساییە دەنگ هەڵنەبرن، نایەکسانی و نادادی گەورەتر دێتەئاراوە و تەواوی ژیانمان تاڵان دەکەن. لە جۆلەمێرگەوە تا ئەسەنیۆرت، لە ٢٠١٦ەوە تائەمڕۆ ئێمە بەرەوڕووی هەمان گەمەین. دیسان لە بەرەبەیانێکدا دەرگاکان دەشکێندرێن و ئۆپەراسیۆن دەکرێت. چی ڕوویداوە؟ ئەگەر لەبارەی سەرۆک شارەوانیی ئەسەنیۆرت ئەحمەد ئۆزەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی و بە گوێرەی بنەما دیموکراسییەکان بکرایە، هەموو شتەکان بە جۆرێکی دیکە دەبوون. هەموومان دەزانین کە بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە ڕاگەیەندراوە".

دۆغان بەبیری هێنایەوە کە ئەسەنیۆرت یەک لە گەورەترین ناوچەکانی تورکیایە و یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مرۆڤ لەو ناوچەیە دەژین و وتی: ئەوەی کراوەتە ئامانج، سەرۆک شارەوانییەکە کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی شار هەڵبژێردراوە. هەربۆیە دەبێت مرۆڤ لە زۆر ڕووەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکات. دەیانەوێت پەیامێک بدەنە لێکتێگەیشتنی شار و هەروەها ئیستەنبوڵ. نایانەوێت ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک بەهێز ببێت".

ئایشەگوڵ دۆغان دواتر لە وەڵامی ڕۆژنامەواناندا سەرنجی بۆ سەر وتەکانی باخچەلی لەبارەی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و وتەکانی ئەردۆغان لەسەر "بەردەنگ و موخاتەبی ڕەسەن" ڕاکێشا و بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی کرد: "لە بنەڕەتدا بەردەنگی ئەو بانگەوازە بەڕێز ئۆجەلانە. دوای چەندین مانگ دیدارێک ئەنجامدرا. پارێزەران و بنەماڵەکەی بە بەردەوام داواکاری بۆ دیدار پێشکەش دەکەن. ئێمە چاوەڕێین کە گۆشەگیری هەڵبگیرێت".

دۆغان هەڵسەنگاندنی بۆ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش کرد و وتی، " مەرجی سەرەکی، ڕەخساندنی هەلومەرجە. جگە لە وتەکانی ئەردۆغان و باخچەلی هیچ دۆخێک لەئارادا نییە کە ئێمە وەک پڕۆسە پێناسەی بکەین. نیگەرانییەکان لە هەڵکشاندان. دەبێت دۆخەکە تەنیا لە بانگەوازدا قەتیس نەمێنێت. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە؛ خاڵی سەرەکی، ڕەخساندنی هەلومەرجە".

دۆغان بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "هیچ کێشەیەکمان لە پرسی بەردەنگدا نییە. لە پرسی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورددا بەردەنگ دیارە. بۆ ئەوەی بە ڕێبازی ئاشتیانە کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەردەنگی سەرەکی بەڕێز ئۆجەلانە. ئێمە باسی دۆخێکی فرە کاراکتەری دەکەین. وەک دەم پارتی لایەنێکی چالاکین. ئێمە هێزی بەرێکخستنکراوی لایەن و توێژە کۆمەڵایەتییەکانین. پارتەکەمان یەکگرتووترین هەڵوێستی هەیە و خاوەن بەرنامە و نەخشەڕێیە".