لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ٣١ی ئاداردا ئەحمەد ئۆزەر وەک بەربژێری هاوبەشی شار ببوە سەرۆک شارەوانی ئەسەنیورتی ئەستەنبوڵ. لە بەردەوامی سیاسەتی دانانی قەیومی دەساڵاتدارییدا ئۆزەر دەستگیرکرا و قەیوم لە جێگەکەی دانرا. بەو مەبەستە گەل لە دوای بانگەوازی دەم پارتی و جەهەپە چالاکی شەرمەزارکردنی دانانی قەیومیان لە گۆڕەپانی ئەسەنیورتی ئەنجامدا.
پلانڕێژی ئەوە کرابوو چالاکییەکە لە پێش بینای شارەوانی ئەنجام بدرێت، بەڵام پۆلیس گەمارۆی بیناکەی دا. بەم هۆیەوە شوێنی ئەنجامدانی چالاکییەکە گۆڕدرا و گۆڕەپانی ئەسەنیورتی دیاریکرا بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکە.
پەڕلەمانتارانی جەهەپە لە گۆڕەپانەکەدان و هاوڵاتییان بە درووشمی "ماف، یاسا، دادپەرەوەری"دەڕژێنە گۆڕەپانی چالاکییەکەوە.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە پێش کۆبوونەوەی دەستەی ئیدارەی ناوەندی لە بینای ناوچەی ئەسەنیورتی قسەی کرد و ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی بە واتای کودەتا دێت.