هێزەکانی رزگاری عەفرین ناسنامەی شەهیدێکی راگەیاند

بە راگەیەندراوێک هێزەکانی رزگاری عەفرین ناسنامەی شەڕڤانێکی بە ناوی کارکەر عەفرین ئاشکرا کرد، کە لە قۆناغی دووەمی بەرخودانی سەردەم لە ١٦ی کانوونی یەکەمدا شەهیدبووە.

راگەیەندراوەکەی هێزەکانی رزگاری عەفرین لەبارەی شەهیدبوونی کارکەر عەفرین بەم جۆرەیە:

"هاوڕێمان کارکەر عەفرین لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بەرخودانی سەردەمی عەفریندا، کە لە تێکۆشان و بەرخودانمان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کار و خەباتی خۆی لە هەرێمی عەفرین بەڕێوەدەبرد، لە ١٦ی کانوونی یەکەم کاتێک لە سەر ئەرکەکەی بوو شەهیدبوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە کارکەر عەفرین کە ناوی راستەقینەی عەبدولرەحیم حسێنە لە پێکهاتەی عەرەب و لەدایکبووی ناوچەی جندرێسی عەفرین بووە و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژ ئاوا وەک زۆر رۆڵەی پێکهاتەکانی دیکە پەیوەست بووە بە تێکۆشان و  ریزەکانی شۆڕشەوە و بووە ئەوینداری ئازادی و خاکەکەی. هاورێ کارکەر عەفرین چەک و رەختی هەڵگرت و بەگژ ئەو چەتانەدا چووەوە کە دەیانویست تاریکی بەسەر گەلی هەرێمەکەدا بسەپێنن.

باسی لەوەشکردووە، کارکەر عەفرین بە هۆی گیانبازی و خاکیبوونیەوە بەردەوام لەناو هاورێکانیدا خۆشەویست بووە و هەموو ئەو ئەرکانەی پێی سپێردرابوون بە سەرکەوتوویی بە جێگەیاندووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی هێزەکانی رزگاری عەفریندا هاتووە، "لەسایەی قارەمانێتی و گیانبازی کەسانی بوێر و ئازای وەک کارکەرەکان گەیشتووینەتە ئەمڕۆ و لە سایەی ئەو قارەمانە بەنرخانەدا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە ئازادییەوە نزیک دەبینەوە. یاد و ئامانجەکانی ئەوان بناغەی تێکۆشانمانە. ئێمە وەک هاورێیانیان جارێکی دیکە بەڵێن دووپات دەکەینەوە خەونەکانیان بۆ وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی ئازاد بهێنینەدی. سەرەخۆشی لە سەرجەم گەلە وڵاتپارێزەکەمان و بەتایبەتی بنەماڵەی بەنرخی هاوڕێ کارکەر دەکەین".

ناسنامەی شەهید:

ناسناو: کارکەر عەفرین

ناو و پاشناو: عەبدولرەحیم حسێن

ناوی دایک: ئەمینە

ناوی باوک: محەمەد

شوێن و کاتی شەهیدبوون: هەرێمی عەفرین، ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣

هـ . ب