ڕێکخراوەکانی گەنجانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانێکی درێژیان دەست پێ کرد

گەنجانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پیرۆزکردنی ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە و داواکردنی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەستیان بە ڕێپێوانێکی درێژ کرد.

ڕێپێوانەکە لەلایەن تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و یەکێتی ژنانی گەنجەوە ئەنجام دەدرێت.

سەدان گەنج پێش دەستپێکردنی ڕێپێوانە درێژەکە لە یاریگای ١٢ ی ئاداری قامیشلۆ کۆبوونەوە.

ڕێکخراوەکانی گەنجان بۆ بەشداربوون لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی یەکەم کە بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ئاستی نێونەتەوەیی دەستی پێ کرد و بۆ پیرۆزکردنی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، دەستیان بە ڕێپێوانێکی درێژ کرد کە ٣ ڕۆژ دەخایەنێت.

ڕێپێوانەکە لە شاری دێرک بە گردبوونەوەیەک کۆتایی دێت، گەنجان لەماوەی سێ ڕۆژەکەدا بە ناوچەکانی تربەسپی و چلاغا و ڕمێلان و گەرکی لەگیدا تێدەپەڕن.