لە دێرک بۆ پشتگیری لە زیندانیانی سیاسی مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد

لە ناوچەی دێرکی کانتۆنی قامیشلۆ، سەدان کەس بۆ پشتگیری لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیندانیانی سیاسی مانگرتوو لە خواردن لە زیندانەکانی تورکیا، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

لە ناوچەی دێرکی کانتۆنی قامیشلۆ، سەدان کەس دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرانەکردنی ڕەوشی وی لەپاش بومەلەرزەکەی ئەم دواییە، هەروەها بۆ پشتگیری لەو زیندانە سیاسییانەی لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان مانیان لە خواردن گرتووە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

دەستپێشخەریی گەل بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە درووشمی "سڵاو لە بەرخۆدانی زیندان دەکەین و بە گیان و بەهای شەهیدان، ڕێبەرمان ئازاد دەکەین" لەبەردەم مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان خێمەی هەڵدا.

دەیان دانیشتووی شارەکە و گوندەکانی و ئەندامانی ڕێکخراوەکان و مەجلیس و کەسایەتییە وڵاتپارێزەکان، دانیشتووانی هەرێمی کۆچەرات و ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی دێرک بەشداری مانگرتنەکە بوون.

زیندانیان لە ٢٧ ی تشرینی دووەم لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" مانگرتن لە خواردنیان دەست پێ کرد".

ئەندامی دەسپێشخەریی گەلی دێرک، محەمەد سەعید، گۆشەگیری شەرمەزارکرد و بەڵێنیدا بە درێژەدان بە چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، سوعاد موستەفا، پشتگیری بۆ مانگرتنەکە لەپێناوی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبڕی و ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نیشاندا. بەڵێنی دا تا سەرکەوتن درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن.

ئەندامی کۆنگرەی ستاری دێرک، شادیە یوسف، ڕایگەیاند، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سیاسەتێکە دژی هەموو گەلانی بندەست.

ئەندامی هێزەکانی پاراستنی جڤاک (هەپەجە)، زەینەب ئەحمەد، دووپاتی کردەوە، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە مانگرتن لە خواردن دەدەن.

دایکی شەهید فەرهاد و عیسام شیبلی، شیرین عومەر گوتی: "گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی گۆشەگیری سەر هەموو گەلانە".

پاشان ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی دێرک کاوە ئیسماعیل هەڵبەستێکی لەسەر بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی خوێندەوە.

بڕیارە مانگرتنەکە سبەی کۆتایی بێت.

کۆمیتەی ئامادەکار ڕایگەیاند، هەموو شار و ناوچەکانی هەرێمی جەزیرە بەشداری چالاکییەکە دەبن.