لە دێرەزور هێرشکرایە سەر لایەنگرانی ئێران؛ ٩ کەس کوژران کە یەکێکیان پلەدارێکی باڵایە

روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە درەنگانی شەوی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێگەی گروپەکانی سەر بە ئێران کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٩ کەس کە یەکێکیان پلەدارێکی باڵایە کوژراون و ٢٠ کەسیش برینداربوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ، "لە هەرێمی دێرەزور لە هێرشێکدا بۆ سەر ڤیلایەک کە وەک ناوەندی راگەیاندن بەکاردەهێندرا، ٩ کەس کە یەکیان بەرپرسێکی باڵای سەر بە ئێران بووە کوژراون و ٢٠ کەسیش برینداربوون".

 لە راگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە نەکراوە، میدیاکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیش بە بێ ئەوە وردەکاری زیاتر بڵاوبکەنەوە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە "ئەمریکا هێرشی ئەنجامداوە".

لە ساڵی ٢٠١١ەوە و لە کاتی دەستپێکردنی شەری ناوخۆیی لەسوریاوە تائێستا ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر حزبوڵای لوبنان و گروپەکانی سەر بە ئێران لە نزیک دیمەشق. ئەمریکاش لە دێرەزور چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر گروپەکانی لایەنگری ئێران.

بە گوێرەی روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ چەند کاتژمێر بەر لە هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کە کەلوپەلی لۆجستی و ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێرانی هەڵگرتبوو، لە دیمەشقەوە گەشتێکی بۆ دێرەزور ئەنجامدابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ڤیلایەی لە دێرەزور بە تەواوەتی خاپوور بووە، بە دەست هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بوو.

هێرشی هاوشێوە لە مانگی شوباتدا ئەنجامدرا و لانیکەم ٢٩ چەکداری لایەنگری ئێران کوژرابوون.

ئەو هێرشە دوای هێرشەکەی ٢٨ی کانونی یەکەم بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی ئوردن لە نزیک سنووری سوریا و عێراق ئەنجامدرابوو، کە تیایدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژرابوون. واشنتۆن گروپەکانی لایەنگری ئێرانی وەک بەرپرسیاری ئەو هێرشە نیشاندابوو، چەندین جار بنکەکانی ئەو گروپانەی بەتایبەتی لە عێراق کردبووە ئامانج.

هـ. ب