لە عەفرین مناڵێکی کورد کوژرا و تەرمەکەی فڕێدرایە بیرەوە

کەسێکی خەڵکی ئەدلب کە لە جەندریسە نیشتەجێیە، مناڵێکی کوردی ١٥ ساڵی کوشت و تەرمەکەی فڕیدایە بیرێکەوە. بنەماڵەی ئەحمەد خالد ڕایانگەیاند تا بکوژ دەستگیر نەکرێت تەرمی مناڵەکە بەخاک ناسپێرن.

لە عەفرینی داگیرکراوی ژێردەستی چەتەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە ڕووداوی کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجە دەقەومێن. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، دانیشتوویەکی عەرەب بە ناوی یامن ئەحمەد ئەل ئیبراهیم خەڵکی گوندەواری ئەدلب، مناڵێکی کوردی بە ناوی ئەحمەد خالد (١٥ ساڵ) کوشتووە و تەرمەکەی فڕێداوەتە نێو بیرێکی ئاو لەسەر ڕێگەی گوندی تەل سالوری ناوچەی جەندریسە.

زانراوە کە بکوژەکە (یامن ئەل ئیبراهیم)  لە فڕنی باوکی مناڵەکە کاری کردووە.

پاش ڕووداوەکە بنەماڵەی خالد ڕایانگەیاند سبەی کاتژمێر ٩ ی بەیانی لەبەردەم ناوەندی چەتەکانی سەر بە ئاسایشی مەدەنی عەفرین کۆدەبنەوە و دووپاتیان کردەوە، تا بکوژ نەگیرێت و لێپرسینەوەی لێ نەکرێت و سزا نەدرێت، کوڕەکەیان بەخاک ناسپێرن. بنەماڵەکە بانگەوازیان لە گەلی عەفرین کرد دژی زوڵم و زۆرداری کۆببنەوە و داوای ڕێگری لە پێشێلکارییەکان بکەن.