لە کۆبانێ بە ڕێپێوانێک شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس یادکرانەوە

یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، ساکینە جانسیز، دیپلۆماتکاری کورد و نوێنەری کەنەکە لە پاریس فیدان دۆگان، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کورد لەیلا شایلەمەز کە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس شەهیدکران، لە کۆبانێ بە ڕێپێوانێک یادکرانەوە.

ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی کانتۆنی فورات ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس. لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە، بەردەوام درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" دەگوترایەوە.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید تا گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەردەوام بوو. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لەشەهیدان، ئەندامی ژنانی گەنجی کانتۆنی فورات، نادیە ئاغاسی دووپاتی کردەوە نابێت ئەم کۆمەڵکوژییە لەیاد بکرێت. هەرگیز ئەم کۆمەڵکوژییە لەیاد ناکەین و تا کۆتایی خاوەنداری لە شەهیدان و میراتەکەیان دەکەین.

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.