لە ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ڕێپێوانێکی مەزن بەڕێوەچوو

لە ١٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قامیشلۆ ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پاراستنی دەسکەوتەکان، هاوکات لەگەڵ ١٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە بە درووشمی "بە گیانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، داگیرکاری لەناودەبەین و شۆڕشەکەمان دەپارێزین. ڕێپێوانێکی مەزنی ئەنجامدا.

دانیشتووانی شارەکە و دانیشتووانی شار و شارۆچکە جیاجیاکانی کانتۆنی جەزیرە بەشداربوون، لە یاریگای شەهیدانی ١٢ ی ئادار ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە. بە بەشداری پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سوریان، وێنەی شەهیدان و ئاڵای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وێنەی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان شێرۆ شێرۆ ئاماژەی بەوە کرد پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی هێرشی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە. ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی ئیرادەی گەل بوو، بەڵام یەکگرتنی پێکهاتەکان باشترین وەڵام بوو.

دووپاتی کردەوە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش لەسەر ڕێچکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن.

هاوسەرۆکی مەجلیسی یاسادانانی کانتۆنی جەزیرە، حیکمەت حەبیب دووپاتی کردەوە، لەسایەی یەکگرتن و فیداکاری پێکهاتەکان و باوەڕیان بە پرۆژەی دیموکراتیک، دەسکەوتەکانمان پاراست و ئیدارەی خۆمان دامەزراند.

لەگەڵ بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەندامی کۆمیتەی ژنانی مەجلیسی قامیشلۆ، حەنیفە محەمەد گوتی: "دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی ژنان، جڤاک و شۆڕش، بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەکان و دوژمنانی دیموکراسی لە مەترسیدایە".

حەنیفە لەکۆتاییدا جەختی کردەوە، پاراستنی دەسکەوتەکان ئەرکی هەموو ژنانە.