مانگی رابردوو لە ئۆپراسیۆنەکانی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا ١٦ چەتە دەستگیرکراون

لە ئۆپراسیۆنەکانی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا لە مانگی تشرینی دووەم چەتەیەک کوژرا و ١٦ چەتەش دەستگیرکراون.

ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە دژی شانەکانی چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامە. لە چالاکیەکانی مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبردا ١٦ چەتە کە سیانیان سەرچەتەبوون دەستگیرکران.

ئۆپراسیۆنەکانی قەسەدە

یەکینەکانی ئانتی تیرۆر (یات) سەر بە قەسەدە ئۆپراسیۆنێکیان لە رەقا ئەنجامدا کە تیایدا سەرچەتەیەک بە ناوی محەمەد سەغیر ئەلبەکر (خالید ئەلشامی) گیرا. سەرچەتە خالید ئەلشامی ئەرکی جێگری بەپرسی 'ئەیالەتی شام'ی لە ئەستۆبوو و بەشداری لە هێرشەکەی کانونی یەمەکی ٢٠٢٢ی سەر زیندانی سەناعەی شاری حەسەکە کردبوو. هەروەها یەک لەو بەرپرسە سەرەکیانەیە، کە رۆڵی لە پلانەکانی هێرشکانی ناو سوریا و بەتایبەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەبووە.

قەسەدە رۆژی دووشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر ئۆپراسیۆنێکی لە شاری کەرامەی دەوروبەری رەقا ئەنجامدا. لە ئۆپراسیۆنەکەدا چەتەیەک بە ناوی محەمەد مەحمود حەمادە دەستگیرکرا. ئەو چەتەیە کاری رفاندنی "ئەشبال ئەل خەلیفە" لە کەمپەکانی ئەنجامدابوو. هەرلەو رێکەوتەدا قەسەدە لە حەسەکەش ئۆپراسیۆنێکی بەئەنجام گەیاند و تیایدا چەتەیەکی داعش گیرا. ئەو چەتەیە کە ناوەکەی رانەگەیەندراوە رۆڵی لە هێرشەکانی سەر قەسەدە، هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری لە حەسەکەدا هەبووە.

ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

رۆژی شەممە ٧ی تشرینی دووەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئۆپراسیۆنێکدا سەرچەتەیەکی داعشی لە دەوروبەری شارۆچکەی تلکۆچەری سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ دەستگیرکرد.

رۆژی ١٠ی تشرینی دووەم لە ئۆپراسیۆنێکدا چەتەیەکی هێزەکانی حکومەتی شام دەستگیرکرا، کە چەندین کڵاشینکۆف، دوو چەکی بڕنۆ، ١٢ مەخزەنی چەک، ٦ موبایل، تەلەفونێکی سورەیا، چوار رەخت، ١٤ گولـلەی کڵاشینکۆف، ٢ دەست جلوبەرگی سەربازی، ٢ دەمانچە و فیشەکەکانی، ٨ گولـلەی بی کەی سی و ٢٨ چەکی راوی پێوەگیرا.

رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووەم لە ئۆپراسیۆنێکدا ٢ چەتەی داعش لە باکووری دێرەزوور دەستگیرکران.

لە ئۆپراسیۆنێکی دیکەدا کە رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی تشرینی دووەم لە دەوروبەری ناوچەی شەدادی کانتۆنی حەسەکە ئەنجامدرابوو، ٢ چەتەی داعش دەستگیرکران و چەتەیەکیش کوژرا. ئەو چەتەیەی کوژرا بەرپرسی کۆکردنەوەی زەکات لە هەرێمی باشوور بوو و پلانەکانی ئەنجامدانی هێرش لە ناوچەکانی باشووری دادەڕشت. لەگەڵ گرتنی چەتەکان دەستیش بە سەر چەکێکی کڵاشینکۆف، ٨ مەخزەنی کڵاشینکۆف، پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو، نارنجۆکێک و ٢ رەختدا گیرا. هەمان رێکەوت لە ئۆپراسیۆنێکدا لە دێرەزوور ٤ چەتەی حکومەتی دیمەشق کە بەشدارییان لە کردەوەی تێکدەرانەدا کردبوو دەستگیرکران و لەگەڵیاندا دەست بە سەر کڵاشینکۆفێک، ٣ چەکی راو، نارنجۆکێک، ٣ موبایل، چەکێکی سپی، ٦ گولـلە و کۆمەڵێک بەڵگەنامەدا گیرا.

هێزە ئەمنییەکان بە ئۆپراسیۆنێک کە رۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامیاندا، بەرپرسی چەکدارکردنی شانەکانی داعشیان گرت.

لە ئۆپراسیۆنی هێزەکانی دژەتیرۆر لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا ٢ چەتەی حکومەتی دیمەشق لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیرکران و چەک و کەرستەی پەیوەندی کەبەوان بوو دەستی بەسەردا گیرا.

هـ . ب