ئەندرێسێن: گۆشەگیری نمونەیەکە لە گوشارەکانی سەر گەلی کورد

پارێزەری نەرویجی بێنت ئەندرێسێن باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری لە ئیمرآڵی دژی یاسایە و وتی، "پرسی سەرەکی ئەوەیە کە لە بەرامبەر گۆشەگیری دەبێت ئێمە چی بکەین. ئەو هەلومەرجەی کە ئۆجالان تیایدا راگیرا، نمونەیەکی گوشارە بۆ سەر گەلی کورد".

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لە هەلومەرجی دژواردا گۆشەگیرکراوە، ماوەی ٣٨ مانگە بە هیچ جۆرێک زانیاری لە بارەیەوە وەرناگیرێت.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' هەڵمەتێک بەڕێوەدەچێت. ئەو کەسایەتیانەی داوای ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن، تادێت توڕەییان بەرامبەر بە گۆشەگیری زیاتر دەبێت. پارێزەری نەرویجی بێنت ئەندرێسێن سەبارەت بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵ فورات (ANF) کرد.

پارێزەر بنێت ئەندرێسێن ئەوەی خستەڕوو کە چەندین ساڵە لەسەر پرسی کورد کاری کردووە و زۆر جار سەردانی تورکیای کردووە، "ئاگاداری هەلومەرجی گۆشەگیریم کە عەبدوڵا ئۆجالان تیایدایە. هەلومەرجێک کە بە تەواوەتی نایاساییە. لە پرسی گۆشەگیریدا زۆر بابەت هەیە کە مرۆڤ باسیان لێوەبکات. ئەو هەلومەرجەی ئۆجالانی تێدایە بەر لە هەموو شتێک دژی یاسایە و دەبوایە بەر لە ماوەیەکی زۆر هەڵبسەنگێندرایە".

ئەوروپا بە هۆی سات و سەوداوە بێدەنگە

پارێزەری نەرویجی بێنت ئەندرێسێن وتی، " لە پرسی هەلومەرجی راگرتنی ئۆجالاندا پرسی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت چی بکرێت"و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئەو بابەتە پەیوەست بە هەوڵەکان لە پێناو زیندانیانی سیاسی لە تورکیا، چ لە زیندانەکانی جۆری ئێف، چ لە زیندانەکانی جۆری ئێس. هەلومەرجی راگرتنی زیندانیان هەرگیز مایەی قەبوڵ کردن نییە".

ئەندرێسێن وتی "کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراوەکانی ئەوروپا هیچ شتێکی پێویست ناکەن بۆ ئەو کەسانەی لە تورکیا رووبەڕووی دژواری و تەنگوچەڵەمە دەبنەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەوروپا بۆجی هەڵوێستێکی بەم جۆرە دەگرێتەبەر؟ ئێمە هۆکارەکەی دەزانین. بەهۆی سیاسەتی پەنابەریەوە لێپێچینەوە لە تورکیا ناکەن. لە چوارچێوەی سات و سەودا و بازرگانیدا رێگە بە کردەوەکانی تورکیا دەدەن".

پارێزەر ئەندرێسێن ئەوەی خستەڕوو کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ لە بەرامبەر کێشەکاندا بەرپرسیارانە دەجوڵێنەوە و ئەوەی وت: "لەبەرامبەر قڕکردن لە غەززە جموجۆڵێکی چڕی سیاسی لە ئارادایە. بە بڕوای من ئەوە بزوتنەوەیەکە کە لە پێناو کەسانی چەوساوەدا تێکۆشانی دادپەروەری بەردەوامە. من پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە تورکیا و گەلی کورد دەکەم کە لە کوردستان رووبەڕووی گوشاربوونەوە. کردەوەکانی بەرامبەر بە ئۆجالان نمونەیەکی گوشار بۆ سەر کوردە".

هـ. ب