پەیەدە : سەرهەڵدانی ١٢ی ئادار بناغەی شۆڕشی رۆژئاوایە

پەیەدە لە ٢٠ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و سەرهەڵدانی قامیشلۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، " هەم یەک لە فاکتەرە بنچینەییەکانی شۆڕشی سوریایە، هەمیش کۆڵەکەی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢یە".

پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) بەبۆنەی ٢٠ەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی قامیشلۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتا راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ئاڵۆزیەکانی سوریا، غەززە، یەمەن، سودان و ئوکرانیا و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئاسیا کراوە و باس لەوەکراوە، "ئەو ئاڵۆزیە دەریدەخات کە کێشە لە شێواز و فۆرمی دەوڵەتی ناوەندیدا هەیە کە خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەپێنێت و هیوای گەلانی ناوچەکە، بە تایبەتی گەلی کورد، هەروەها راستی مێژوویی، سیاسی و جوگرافیاییەکەی پشتگوێ دەخات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، کە سەرهەڵدانی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ دۆخێکی پشێوی نەبوو وەک ئەوەی رژێمی دیمەشق بانگەشەی بۆدەکرد و بەم جۆرە درێژەی بە راگەیەندراوەکە داوە: "سەرهەڵدانی ١٢ی ئادار سەرهەڵدانێکی راستەقینەیە کە لە قامیشلۆوە دەستیپێکردبوو. لە ئەنجامی سەرهەڵدانەکەدا ٤٠ کەس شەهید بوون، بە دەیان کەس برینداربوون و بە سەدان کەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە دەستگیر و ئەشکەنجەدران. سەرهەڵدانەکە بە سەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان، باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دیمەش و حەڵەبدا بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. سەرهەڵدانەکە بنچینەیەکی سەرەکی شۆڕشی سوریایە کە لە ئاداری ٢٠١١دا دەستیپێکرد و بناغەیەکی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢یە. ئامانجی شۆڕش ئەوەیە کە سەرنج بۆ سەر ئەوە رابکێشرێت کە سوریا پێویستی بە گۆڕانکاری و دیموکراسی هەیە و ئەوەی کە بە تایبەتی پرسی کورد لە سوریا کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەتی پرسی کورد لە سوریا وەک دۆزێکی نیشتمانی چارەسەر بکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا شەهیدانی سەرهەڵدانی ١٢ی ئاداری یادیان کرایەوە و ئەوە خراوەتەڕوو، ئامانجی سیستمی باڵادەستی ناوەندی بۆ نانەوەی ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکانی سوریا و یاری کردنی بە بەهاکانی سەرهەڵدان نەگەیشتوونە ئەنجام.

لە راگەیەندراوەکەدا بە بۆنەی ٢٠ەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی قامیشلۆ، داوا لە سەرجەم هێز، حزب و کەسایەتیە وڵاتپارێزەکان بە تایبەتی هێز و لایەنە کوردیەکان کراوە کە یەکڕیزی و یەکێتی خۆیان ساز بکەن و هەڵوێستی سیاسی بگرنەبەر و کۆتایی بە بەرژەوەندی سیاسی تەسک بهێنن. هەروەها داواکراوە دەستکەوتەکانی شۆڕشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێن.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رێگەی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بڕیاری ٢٢٥٤ە و لەبارەی سیستمی خۆبەڕێوەبەریش هاتووە: "خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نمونەیەکی گرنگە کە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتیە لە ناوچەکە و لە سوریا".

هـ . ب