پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لەدایکبوونێکی نوێیە

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، فۆزا یوسف، ڕایگەیاند، پەیماننامەی کۆمەڵایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سوریا و هەموو هەرێمەکە مۆدێلێکی ئەڵتەرناتیڤە و بۆ هەموو گەلان و ژنان دەبێتە لەدایکبوونێکی نوێ.

 

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، فۆزا یوسف، ڕایگەیاند، بەو پەیماننامە کۆمەڵایەتییەی دوێنێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەم لەسەر ئامانجی جڤاکێکی دیموکراتیک و ئازادیخواز و ئیکۆلۆژیک دەوەستن هەم پەیماننامەکە بۆ هەموو هەرێمەکە دەبێتە مۆدێلێکی چارەسەر.

پەیڕەوی کۆتایی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەش بە مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرا بۆ پەسەندکردنی لەلایەن مەجلیسی گشتی و نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مەجلیسە مەدەنییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە. مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ٩١ەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پەیماننامەی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد. فاتمە خلیل، جێگری هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتی و فەرید عەتێ هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتی و گابرێل شەمعون هاوسەرۆکی مەجلیسی بەڕێوەبردن دوێنێ لە ڕاگەیاندراوێکی سێ زمانییدا ڕایانگەیاند کە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دوێنێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دەربارەی ڕێککەوتننامەی کۆمەڵایەتی دایەوە.

گفتوگۆکان دەربارەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە هەبوون، بۆچی ئەمڕۆ لەسەری وەستان یان بۆچی هێندە درێژەی کێشا؟

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی یەکەمجار ساڵی ٢٠١٤ لە هەرێمی جەزیرە پەسەند کرا. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری تازە دامەزرابوو و هەندێک هەرێم هێشتا لە دەستی داعش ڕزگار نەکرابوون، بۆیە ئەمانەی نەدەگرتەوە. بۆیە پێویست بوو دووبارە نرخاندنی بۆ بکرێتەوە تاوەکو هەموو کانتۆنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگرێتەوە. لەسەر بناغەی ئەمەش لە ساڵی ٢٠٢١ مەجلیسی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی دا. کۆمیسیۆنەکە لە ١٥٨ کەس پێکهات. لەسەدا ٥٠یان کە ١٥٨ کەسن، ژن بوون. نوێنەرایەتی هەموو گەل و بیروباوەڕ و دامەزراوە و بەشەکانی دەکرد. پاشان کۆمیسیۆنی بچووکتر هەڵبژێردرا و ڕەشنوسێک ئامادەکرا. کۆمسیۆن تاوتوێی ئەو ڕەشنوسەی کرد و دواتر لەگەڵ ڕای گشتی بڵاویکردەوە. لە ٧ کانتۆن لەگەڵ گەل گفتوگۆی لەسەر کرا و لە ئەنجامی تێڕوانینی گەلدا دەوڵەمەندتر بوو. ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ دامەزراوەکان ئەنجامدرا. هەروەها چەندین کۆبوونەوەی جیاوازمان هەبوو. بەڵام بەهۆی هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کێشەی ئەمنی هاتنەپێش، بۆیە چەند ناچار بووین بیوەستێنین. کۆمیسیۆنی فراوان هەفتەی ڕابردوو جارێکی دیکە کۆبووەوە. پێشنیارەکانی گەل لەبەرچاو گیرا و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ مشتومڕ بەڕێوەچوو. کە تەواو بوو، پێشکەشی مەجلیسی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان کرد.

بۆچی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی پێویست بوو، لە سیستەمدا چ گۆڕانێک دێتەدی؟

ئێمە نوێنەرایەتی ٣٠٪ی خاکی سوریا دەکەین. چەندین گەل لەسەر ئەم خاکانە دەژین. کۆی ژمارەی دانیشتووانمان ٥ ملیۆن کەسە. بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستی بە پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی هاوبەش هەبوو. تا ئێستا زۆرێک لە کانتۆنەکان بە پێی پەیماننامەکانی پێشوو سیستەمەکانیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئەمانە زۆر بەرتەسک بوون. پەیماننامەی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەری کارەکانی دیموکراتیتر بکات. ڕۆڵی مەجلیسەکان بە شێوەیەکی کۆنکرێتی هاتۆتە پێشەوە و ئێستا چالاکتر دەبێت. گەل ڕۆڵی گەورەتری دەبێت لە مەجلیس و پرۆسەی بڕیاردان و کۆنتڕۆڵکردنی بەدەست گەلەوە دەبێت. ئیتر مەرکەزییەت و بیرۆکراسی و پچڕانی پەیوەندی بە گەلەوە نامێنێت. لەسەر بناغەی ڕێسا دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان، گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدەن.

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لەسەر کام زیهنیەت بنیات دەنرێت و پشت بە چی دەبەستێت؟

پشت دەبەستێت بە دیموکراسیی ئازادی ژن، هەروەها ژیانی ئیکۆلۆژیکی نەتەوەی دیموکراتیک بە بنا‌غە دەگرێت. ئێمە سودمان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و ئەزموونی پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکانی جیهان وەرگرت. هەڵبەت سود لە میراتی چاندی و جڤاکی هەرێمەکەش وەرگیراوە. ئەمانە هەمووی خوێنراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، تاوەکو دادپەروەرانەتر و دیموکراتیتر بژین، ئەمەمان کردۆتە سەرچاوە.

گوتتان ٥٠٪ ی کۆمیسیۆنی فراوان لە ژن پێکدێت. ئاخۆ مادەی ڕوون هەن بۆ مسۆگەرکردنی مافی ژنان؟

مسۆگەرکردنی مافی ژنان لە ڕەشنوسی گشتی و یاساکان و ئازادییەکان و سیستەمی جڤاکیدا هەیە. هەروەها لەنێو یاساکەدا مەجلیسی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک بەشێک وەرگیراوە. ژن لەنێو سیستەمێکی دادپەروەردا بەشێوەیەکی ڕەسەن خۆی ڕێکدەخات. ژن و مافەکانیان لەنێو مادەکانی پەیماننامەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو ئاشکرا کراون و بە مادەی تایبەت مسۆگەرکراون.

پەیماننامەی جڤاکی ژنان بە دانانی هەندێک مادەی نوێ لە پەیماننامەکە زیادکرا. بۆچی ئەم پەیماننامە چڤاکیەتان لەشێوەی ڕیفراندۆم نەگواستەوە بۆ گەل؟

ڕاستی ئێمە ویستمان بە شێوەی ڕیفراندۆم ڕەوانەی گەلی بکەین. بەڵام ڕەوشی سیاسی ئاستەنگ بوو. هەڕەشە و هێرشی زۆر هەن. ئێمە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ گەل ئەنجامدا و تا دوایین ڕۆژ سەرنجەکان وەرگیران. هەموو خاڵ و بەندەکان تاوتوێ کران. یەک بە یەک خوێنرانەوە و سەرنجەکان وەرگیران.

ئامانجی سەرەکیتان لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی چییە؟

ئامانجی سەرەکیمان دامەزراندنی جڤاکێکی دیموکراتیک و ئازادیخواز و ئیکۆلۆژیکە. هۆکاری سەرەکی قەیرانی سوریای ئەمڕۆ، نەبوونی دەستوورێکی دیموکراتیکە کە هەموو گەل و مافەکان بگرێتەخۆ. بۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی سوریا، دەمانەوێت مۆدێلێک دامەزرێنین. دەمانەوێت بناغەیەک هەبێت بۆ هەموو کێشەکانی سوریا دەستوورێک دابمەزرێنێت. ئێمە دەڵێین، دەبێت مۆدێلێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سوریا و نەبوونی چارەسەر لە هەرێمەکە. پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دەبێتە لەدایکبوونێکی نوێ بۆ هەموو گەلان و ژنان.