هه‌واڵی به‌په‌له‌: نوسینگەی یاسایی سەدە لەبارەی ئیمراڵییەوە راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

تەرمی شەهید سلێمان ئەلساڵەح بەخاکسپێردرا

لە ناوچەی تربەسپی کانتۆنی جەزیرە، تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، سلێمان ئەلساڵەح کە بەهۆی نەخۆشییەکی قورسەوە شەهید بوو، بەخاک سپێردرا.

سەدان دانیشتووی ناوچەی تربەسپی کانتۆنی جەزیرە، چوونە گۆرستانی شەهید دڵشێر بۆ بەخاکسپاردنی شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، سلێمان خدر ئەلساڵەح. ئەم شەڕڤانە بەهۆی نەخۆشییەکی قورسەوە شەهید بوو.

کاروانی تەرمەکە بە هەلهەلەی دایکان و درووشمی "شەهید نامرن" پێشوازی لێ کرا و مەراسیمێک ئەنجامدرا. بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەکە، محەمەد زەکی ئیبراهیم، ئاماژەی بەوە کرد ئامادەن هەموو قوربانیەک بدەن بۆ خاکەکەیان و خوێنی پێکهاتەکان لەم خاکەدا تێکەڵبووە.

لەسەر ناوی قەسەدە، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەجلیسی سەربازی، محەمەد زێدان، دووپاتی کردەوە، لەگەڵ هەر شەهیدێکدا، پێداگریان لەسەر تێکۆشان بەهێزتر دەبێت. بەڵێنی پاراستنی دەسکەوتەکانی دووپات کردەوە.

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. خاڵی شەهید، فەرحان ئەلحەزای، گوتی: "درێژە بە هێڵی تێکۆشانی شەهید دەدەین و بە سەرکەوتن تاجداری دەکەین".

بە درووشمی "شەهید نامرن" تەرمی شەهیدەکە بەخاکسپێردرا.