تەرمی شەڕڤانی قەسەدە دڵسۆز دەگرمان لە کۆبانێ بەخاکسپێردرا

لە کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەڕڤانی قەسەدە دڵسۆز دەگرمان بەخاک سپێردرا.

دانیشتووانی کۆبانێ بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید دڵسۆز دەگرمان (مەحمود مستەفا) لە گۆڕستانی دیجلە.

لە مەراسیمەکەدا هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی کانتۆنی فورات فەلەک یوسف قسەی کرد، سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلی هەرێمەکە کرد، بەڵێنی دووپات کردەوە تێکۆشان دژی ‌هێرشەکان مەزنتر دەکەن.

هەروەها یەک لە فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە کانتۆنی فورات، زانا بەلەک قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بزانێت هەرێمەکە وەک پێشوو نییە و هێزی پاراستنی هەیە، گوتی: "ئێمە لە هیچ ناترسین، نە لە فڕۆکە و نە لە دەنگی فیشەک.سەرکەوتن بۆ ئێمە دەبێت و داگیرکەران لە هەرێمەکەمان دوور دەخەینەوە، وەک چۆن چەتەکانی داعشمان دەرکرد".

بەناوی بنەماڵەی شەهیدەوە، هێلا عەلی بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ تێکۆشان و بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان.

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، دواتر جەماوەر تەرمی شەهیدیان بەخاک سپارد.