تەرمی لێگەڕین چیا (ئەلینا سانچێز) بە خاکسپێردرا

تەرمی شەڕڤانى ئینتەرناسیۆنالیستى ئەرجەنتینى ئەلینا سانچێز (لێگەڕین چیا) لە دێرک بە بەشداریى بنەماڵەکەى و هاوسەنگەرەکانى و لە مەراسیمێکى جەماوەریدا و لە گۆڕستانى شەهید خەبات دێرکدا بەخاکسپێردرا.

تەرمی شەڕڤانى ئینتەرناسیۆنالیستى ئەرجەنتینى ئەلینا سانچێز (لێگەڕین چیا) لە دێرک بە بەشداریى بنەماڵەکەى و هاوسەنگەرەکانى و لە مەراسیمێکى جەماوەریدا و لە گۆڕستانى شەهید خەبات دێرکدا بەخاکسپێردرا.

ئەلینا سانچێز (لێگەڕین چیا) پزیشکی ئینتەرناسیۆنالیستى ئەرجەنتینى، کە لە حەسەکە بەهۆى ڕووداوى هاتووچۆوە گیانى لە دەستدا، تەرمەکەی بە مەراسیمێکى جەماوەرى لە دێرک بەخاک سپێردرا. سەدان کەس بەشداری مەراسیمەکە بوون. ئاپۆرایەکى گەورەى جەماوەر تەرمی ئەلینا سانچێزیان لە نەخۆشخانەى دێرکەوە بەرەو "شەهیدگەى شەهید خەبات" برد. بەشداربووانى مەراسیمەکە دروشمى "بژى سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردبووە.

تەرمەکەى لە گۆڕستانەکەدا بە مەراسیمێکى سەربازی پێشوازیى لێکرا. دواى مەراسیمە سەربازییەکە پەیامى لیواى ئازادیى ئینتەرناسیۆنالیست خوێندرایەوە. رۆناهی تێکۆشین ئەندامی کۆمیتەى ژنۆلۆژیى ئینتەرناسیۆنالیست بە زمانى ئیسپانى باسى لە تێکۆشان و کەسایەتیى لێگەڕین کرد.

دواتر روکەن ئەحمەد ئەندامی بەڕیوەبەریى دیموکراتیک وتى "هەڤاڵ لێگەڕین لە شارەکەى گیڤاراوە هات بۆ ئێرە بۆ ئەوەى خاوەندارى لە  ئازادیى گەلی کورد بکات و بەهۆى بڕوابوونی بە بەها سۆسیالیستییەکانەوە بەرخۆدانى کرد. هێلین-یش کە لە بەرتیانەوە بەشداری ئەو بەرخۆدانە بوو، شەهید بوو. ئێمە ڕێگاکەیان بەرنادەین و درێژە بە ڕێگاى ئەو دوو هەڤاڵە دەدەین بۆ ئەوەى خەونەکانیان بهێنینە دی".

دایکى سانچێز: بە کچەکەم سەربەرزم

پاتریکا دایکى لێگەڕین وتی، کچەکەى تا دوا هەناسە بۆ تێکۆشانى سۆسیالیستى بەرگری و بەرخۆدانى کرد و لەو ڕێگایەدا گیانى خۆى بەخت کرد. پاتریکا وتیشى، بۆ ئەوەى تەرمى کچەکەى بباتەوە بۆ ئەرجەنتین چووەتە رۆژئاوا، بەڵام لەبەر ئەوەى کچەکەى زۆر حەزی لە رژئاڤا کردووە و گەلی رۆژئاڤاش زۆر ئەویان خۆشویستووە، بڕیاریانداوە تەرمەکەى لێگەڕین لە رۆژئاڤا بەخاک بسپێردرێت. پاتریکا لە درێژەى قسەکانیدا وتى "من بە کچەکەم سەربڵندم".

لەو مەراسیمەدا یادی سارینا زاگرۆس و هێلین دێرسیم کرایەوە، کە لە مانگى ئازار لە عەفریندا ژیانیان لە دەستدابوو. دواى ئەوەش تەرمی لێگەڕین لە شەهیدگەی شەهید خەبات بە خاکسپێردرا.

هەر ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە گرکێ لەگێ بۆ ئەو شۆڕشگێڕە ئینتەرناسیۆنالیستانە، کە لە باکوورى سوریا ژیانیان لە دەستداوە شەوە یادێک بەڕێوە دەچێت.