١ی ئایار لە ئەنقەرە: بژی رێبەر ئاپۆ

بەدەیان هەزار کەس لە ئاهەنگەکانی ١ی ئایاری ئەنقەرە بەشدارییان کرد و لە گۆڕەپانەکاندا دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان وتەوە.

لە ئەنقەرە گردبوونەوەیەک بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی دەوڵەت (KESK)، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DÎSK)، یەکێتی بیناسازان و ئەندازیارانی تورکیا (TMMOB) و ژووری پزیشکانی ئەنقەرە (ATO) بەڕێوەچوو. بەدەیان هەزار کەس بە دروشمی "بۆ کار، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری سەردەکەوین" لە گردبوونەوەکەدا بەشدارییان کرد.

سەرەڕای باران بارین، بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ژوورە بازرگانییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، خوێندکارانی زانکۆ، خانەنشینان بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بەهەزاران قوتابی زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بە دروشمی"بۆ زانکۆیەکی دیموکراتیک، بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک " بەشداریان کرد.

هاوکات ئەنجومەنی گەنجانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان بە دروشمی "ئێمە لە ڕێگەی خۆبەڕێکخستنەوە داهاتویەکی سۆسیالیستی بنیات دەنێین" بەشدارییان کرد. بەردەوام لە گۆڕەپانەکاندا دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" وترایەوە. هەروەها ژنانی کورد بە پانکارتی "بژی تێکۆشانی ئازادی ژنان بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک" لە ڕێپێوانەکەدا بەشدارییان کرد.

هەروەها خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد بە هەڵگرتنی وێنەی ڕۆژنامەنووسانی شەهید، جیهان بیلگین و نازم داشتان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداریان کرد.

ئاهەنگ و گردبوونەوەکان بەردەوامی هەیە.