٢٤٦ ڕۆژ بەسەر رفاندنی سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە تێپەڕبوو

ماوەی ٢٤٦ رۆژە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ پارێزەرانی توانیبوویان لە زیندانی ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک چاویان پێی بکەوێت.

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەمەبەستی سەردان چووبووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پێشخابور (سێمالکا) لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو و دوای حەوت مانگ پاڕێزەران توانیبوویان دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن.

هەفتەیەک دوای شوێنبزرکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە گوایە رفاندنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیەوە نییە و بەم جۆرەی هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لەو ڕۆژنامەنووسە کردبوو. سلێمان نزیکەی ٥ ساڵ دەبوو لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوزدا وەک هەواڵساز کاری دەکرد.

دواجار و لە ئەنجامی گوشاری مەدەنی رۆژنامەوانان، سەندیکا و رێکخراوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، رۆژی ٢٢ی ئایار رێگە بە پاڕێزەرانی سلێمانی ئەحمەد درا، کە لە زیندانی ئاسایشی دهۆک چاویان پێی بکەوێت.

لەو بارەوە بەشدار حەسەن، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، رایگەیاندبوو: دوای بینینی ڕێگە دراوە کە ببینە پارێزەری و هەروەها بۆ ماوەی دوو خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خانەوادەکەیدا کردووە.

هەروەها وتیشی: سلێمان ئەحمەد، لە ئێستادا بەپێی مادەی (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی، لە داهاتوودا هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، ئێمە گەشبینین کە مژدەی ئازادکردنی دەدەین، چونکە بە وتەی خۆی هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە و لە لێپرسینەوەکانیشدا، دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی فەرمی چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕاوەتەوە و مافى مانەوەى هەیە.

لە دیدارەکەدا، سلێمان ئەحمەد، لە ڕێگەی پارێزەرانییەوە تاکە داواکاری ئەوەبوو، کە فشارەکان بەردەوامی پێ بدەن تا ئازاد کردنی.

رۆژی ٣ی حوزەیرانیش، دادگای تاوانەکانی دهۆک رۆژی ٣٠ حوزەیرانی وەک رۆژی دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی کەیسی سلێمان ئەحمەد دەستنیشان کرد.

ڕفاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەدەکەیە بۆ سەرکوتی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین کە ماوەی نزیکەی چوار ساڵە چڕی کردووەتەوە و بەدەیان رەخنەگر، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی راپێچی زیندان کردووە.

ئەو کردەوانەی پەدەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوە و ناڕەزایەتی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.