عایشە کەلەش خوشکی کەسە بکوژەکەی ٧ ئەندامی خێزانی دەدەئۆگیولاری لە ناوچەى مەرامی قۆنیا و لوتفیی هاوسەری عایشە و عەلی کەلەشی کوڕی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئازاد کران.
ڕۆژی ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢١ کەسێکی نەژادپەرەست و فاشیست بە ناوی محەمەد ئاڵتون لە ناوچەى مەرامی قۆنیا هێرشی کردە سەر بنەماڵەى دەدەئۆگیولاریی خەڵکی قەرسی باکووری کوردستان و ٧ کەسی لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە کوردەی لە ناو ماڵەکەى خۆیاندا کۆمەڵکوژ کرد.
دوای ئەو کۆمەڵکوژییە محەمەد ئاڵتون و ١٢ کەس لە بنەماڵەکانی کەلەش و چالک، کە بکوژیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە هاندا بوو و هاوکارییان کردبوو، دەستگیرکران، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنیان دادگای دەوڵەتی تورک ٨ کەسیانی ئازاد کرد. ئازادکردنی ئەو کەسانە لە کاتێکدایە، کە ئەو کەسانە تاوانبار بوون بە بەشداریکردن، هاوبەشیکردن، هاندان بۆ کوشتن، توندوتیژی، بڵاوکردنەوەى رق و نەفرەت و تاوانی رێکخراوی نەژادپەرەستانە.
٢ کەس لەسەر کۆمەڵکوژکردنی ئەو خێزانە کوردە لە زینداندا ماون
دادگای دەوڵەتی تورک دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە ئەنجامی ئەو تانانەى لە بڕیارەکانی پێشتر درابوون، عایشە کەلەش خوشکی محەمەد ئاڵتونی بکوژ، هاوسەری عایشە بە ناوی لوتفی و کوڕەکەیان بە ناوی عەلی کەلەش، کە وەک زیندانی دادگایی دەکران، لەلایەن دادگاوە بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرکرا و ئازادیان کردن.
لە ئەنجامی ئەو تانانەى لەسەر کۆمەڵکوژکردنی ٧ ئەندامی ئەو خێزانە کوردە لەلایەن بنەماڵە فاشیست و نەژادپەرەستەکانەوە لە بڕیارەکانی دادگا درابون، تا ئێستا بە گشتی ١١ کەسی تاوانباری ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دادگای دەوڵەی تورکەوە ئازاد کراون. لە ئێستادا لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە تەنها محەمەد ئاڵتون بکەری راستەوخۆ و ئیبراهیم کەلەشی برازای محەمەدی بکوژ لە زینداندا ماون.
٢ کەسی زیندانیکراو لەسەر دۆسیەى کۆمەڵکوژکردنی ئەو خێزانە کوردە لە زینداندا ماون. لە دوای ئەو بڕیار و تانانە و لە دوای ئازادکردنی زۆربەى تاوانبارەکان، یەکەم دانیشتنی بەرفراوانی دادگا لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا لە لقی ٤ی دادگای سزا قورسەکانی قۆنیا بەڕێوەدەچێت.
ژ.ت