ڕاپۆرتی لقی ئەزمیری ئۆهەدە: گۆشەگیری لە هەموو زیندانەکان بڵاوبووەتەوە

کۆمیسیۆنی زیندانەکانی لقی ئەزمیری ئۆهەدە ڕاپۆرتێکی دەربارەی پێشێلکارییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تا مانگی حوزەیران لە زیندانەکانی هەرێمی ئەگێ ئاشکرا کرد.

کۆمیسیۆنی زیندانەکانی لقی ئەزمیری کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتێکی دەربارەی پێشێلکارییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تا مانگی حوزەیران لە زیندانەکانی هەرێمی ئەگێ ئاشکرا کرد.

ڕاپۆرتەکە بەگوێرەی دیدار لەگەڵ زیندانییەکان و ئەو داواکارییانەی بۆ کۆمەڵەکە پێشکەشکراون، ئامادە کراوە. کۆمیسیۆنەکە پاش کۆبوونەوەی پارێزەران لەگەڵ زیندانیان لە زیندانە جیاوازەکان، ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە.

ئەندامی لقی ئەزمیری ئۆهەدە، ئاریەن توران ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە، توران ڕایگەیاند پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی کۆتایی بێت و ڕێگە بدرێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تر چاویان بە بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بکەوێت، گوتی: "سزای دیسپلین سەپێنراوە بەسەر زۆرینەی ئەو زیندانیانەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، چالاکیان ئەنجامداوە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بەڕێوەبەرانی زیندانەکان و داواکاری گشتی و بەرپرسانی نەخۆشخانەکان یاسا جیهانییەکان پێشێل دەکەن و دەبنە هۆی مردنی زیندانیانی نەخۆش، وە زیندانیانی نەخۆش بەپێی پێویست چارەسەر وەرناگرن. هەروەها گوتی: "مافی زیندانیان وەک مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە، خوێندنەوەی کتێب/نووسین، گفتوگۆ/وەرزش و هتد، بە سەپاندنی میزاجی بەرپرسانی زیندانەکان ئاستەنگ دەکرێت".

توران گوتی: "پێویستە سیاسەتی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان کە لە تەواوی زیندانەکان بڵاوبووەتەوە، کۆتایی پێ بێت، هەروەها وەزارەتی داد دەستبەجێ کۆتایی بهێنێت بە ڕێگرتن لە دیداری بنەماڵە و پارێزەران. پێویستە ڕێگە بدرێت لیژنەی تەندروستی لە زیندانەکان لێکۆڵینەوە بکەن. دەبێت ڕێکخراوە پیشەییە سەربەخۆکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بتوانن بچنە زیندانەکان و لێکۆڵینەوە بکەن. بۆیە هەموارکردنەوەی یاساکان پێویستە. بانگەواز لە هەموو بەرپرسان دەکەین، دژی پێشێلکردنی مافەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".