'بە گوێرەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە موەکیلەکانمان لە ژێر ئەشکەنجەدان'

پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز باسی لەوەکرد بە گوێرەی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) موەکیلەکانیان لە ٢٠١٤بەدواوە لە ژێر ئەشکەنجەدان و دۆسیەکانی گۆشەگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بیرهێنایەوە و وتی: "سەرکۆنەی تورکیا دەکرێت."

گۆشەگیری ئیمراڵی کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەپێنراوە لە چ ئاستێکدایە؟ مافی حوکمدراوانی ئیمراڵی بۆ دیداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان بە چ شێوەیەک ئاستەنگ دەکرێت؟ بۆچی سی پی تی لەبەرامبەر ئەو بێ یاسانەدا بێدەنگە؟ پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ شکاندی گۆشەگیری چ جۆرە کارێک دەکەن؟

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵێ فورات (ANF)ەوە پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیبراهیم بیلمەز وەڵامی کۆی ئەم پرسیارانەی دایەوە.

'نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی تورکیا دەکات'

پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز باسی لەوەکرد ماوەیەکی زۆرە میکانیزمێکی یاسایی نێونەتەوەی لە ڕێگەی دادگای مافەکانی مرۆرڤی ئەوروپا و ئۆرگانەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا پەیڕەوە دەکەن و وتی: "باسی نزیکایەتی و ڕێبازەکانی دادگای مافەکانی مرۆرڤی ئەوروپام کرد. ماوەی ١٢ ساڵە وەڵامی داواکارییەکانمان سەبارەت بە گۆشەگیری نەدراوەتەوە.

پێشتر سەردانی کۆمیسەری و ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانمان سەبارەت بە بابەتی گۆشگیری کردووە. بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنین لە ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٢دا سەردانی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کرد. ئەم کۆمیتەیەش هاوشێوەی DMME رۆڵی دادگایەکی نێونەتەوەی وەردەگرێت.

داواکارییەکان شەخسی وەردەگرێ و بەناوی ئەو دەوڵەتانەوە دادگایەکان دەکات. جیاوازتر لە DMME لە هەموو جیهاندا رۆڵی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا بە داخوازی نامەی خۆمانەوە پەیوەست بە گۆشەگیری سەردانمان کردوون. کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە داواکارییەکەمانی وەرگرت و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی لە تورکیا کرد.

کۆمیتەکە ڕاگەیاند بارودۆخی گۆشەگیری قبوڵکراو نیە و داوای لە تورکیا کرد ڕێگە بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و موکیلەکانی دیکە بدات بە بێ هیچ ئاستەنگی کردنێکیان بتوانن پارێزەرکانیان ببینن.

لە ئێستاشدا دۆسیەکامان لە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەیە. لەو باوەڕەداین کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تورکیا شەرمەزار و ئیدانە بکات. لەبەر ئەوەی ئەو گۆشەگیریە نە بەگوێرەی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، نە پەیماننامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نە بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی تورکیاشە.

هەروەها لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٤دا رێپۆرتەرانی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانمان بە بوارەکانی سەربەخۆیی پارێزەران، دادوەران و ئەشکەنجەمانبەسەر کردەوە. سەردانی ریپۆرتەرانی بواری ئەشکەنجەمان کرد، لەبەرئەوەی بارودۆخی گۆشەگیری لە ئیمراڵیدا جۆرێکی ئەشکەنجە. ئەم دۆخەی ئیمراڵی هیچ قسەیەکەی دیکە هەڵناگرێت جگە لە ئەشکەنجە، چونکە بارودۆخی ئیمراڵی زۆر بە ڕوونی ئەشکەنجەیە.

'بە گوێرەی DMME لە ساڵی ٢٠١٤ەوە موەکیلەکانمان لە ژێر ئەشکەنجەدان'

لە ساڵی ٢٠١٤دا دەربارەی سزای قورسی هەتا هەتایی سەردانی DMME کرد. پەیوەست بەم بابەتەوە DMME ئەوەی ڕوونکردەوە کە سزای قورسی هەتا هەتایی بە مانای پێشێلکردنی خاڵی سێهەمی پەیمانی مافەکانی مرۆڤ دێت. هەر ئەو کاتە بڕیاری ئەوەی دا کە لە ئیمراڵیدا بڕیاری قەدەغەکردنی ئەشکەنجە پێشێلکراوە. لەبەر ئەمەش ئەوەی دیاریکرد شێوازی پەیڕەوکردنی سزای هەتا هەتایی جۆرێکی گرانی ئەشکەنجەیە. بە گوێرەی ئەم بڕیارەی DMMEەوە موکیلەکانمان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارەوە تاکو ئێستا موکیلەکانمان لە ژێر ئەشکەنجەدان."

'بێدەنگی دامەزراوە ئەرکدارەکان پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە'

ئیبراهیم بیلمەز ئاماژەی بە بێدەنگی دامەزراوە ئەرکدارەکانی پەیوەست بە گۆشەگیرییەوە کرد  و وتی: "بێدەنگی دەولەتان و دامەزراوە فەرمییەکانی سەرووی دەوڵەتان، بە تەواوەتی پەیوەندی بە مەسەلە و پرسی کوردەوە هەیە. دۆخێکی لەم شێوەیە پەیوەندی بە ڕێبازی چارەسەری یا ناچارەسەری پرسی کوردەوە هەیە، دواجار بارودۆخی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد جیاوازی نیە. پێگە و دۆخی بەڕێز ئۆجالان ڕوون و ئاشکرایە، چونکە بەڕیز ئۆجالان هەم لایەن کوردەوە وەک ڕێبەرێک تەماشادەکرێت، هەم لە چارەسەری پرسی کورددا کارەکتەرێکی گرنگە."

ئیبراهیم بیلمەز چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆی نێوان بەرپرسانی دەوڵەت و پەکەکەی بیرهێنایەوە و وتی: "لە دوای ساڵی ٢٠١٢ەوە لە ژێر ناوی 'قۆناغی چارەسەری' بوو بەدەستپێکی قۆناغێک. ڕاستەوخۆ بەڕێز ئۆجالان وەک موخاتیب تەماشاکرا. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ئاشکرا بگوترێت، بەرێز ئۆجالان لە بابەتی چارەسەرییدا هەم بۆ دەوڵەتی تورکیا هەم بۆ گەلانی تورکیا بەختێکی گەورەیە. لە بابەتی چارەسەری پرسی کورددا دڵسۆزی و هێزێکی زۆری هەیە."

'تورکیا ناتوانێت هەڵمەتی ئازادی بەهەند وەرنەگرێت'

ئیبراهیم بیلمەز دەرباری هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە ١٠ی تشریینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە وتی: "بە بۆچوونی من ئەم کامپینە زۆر گرنگە. تورکیا ناتوانێت کە ئەو هەڵمەتە بە هەند وەرنەگرێت. گەر تورکیاش بەوجۆرە لێی بڕوانێت، ئەوا ڕاستییەکەی بەم شێوەیە نیە. ئەم هەڵمەتە زیان بە سیمای تورکیا دەگەیەنێت، وا دەکات لە ڕووی نێونەتەوەییەوە بە جۆرێکی دیکە تەماشای تورکیا بکرێت.

ڕوانگەکانی بەڕێز ئۆجالان دەربارەی چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورپاشدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. کۆنفراس دەربارەی ئەم بابەتە دەبەسترێت. لە سایەیی ئەم کامپینەوە بارودۆخی گۆشەگیری بە ڕووی دەرەوەدا زیاتر ڕووندەبێتەوە. هەرچەندی ڕێکخرا و دەوڵەتان خۆیان لە بێدەنگی بدەن بەڵام ڕای گشتی دیموکراتیک لەو دەوڵەتانەدا دەنگی خۆیان هەڵبڕی. بۆیە ئەمەش کاریگەری لەسەر تورکیا دروستەکات. بەڕای من گەر ئەم کامپینە بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوامی هەبێت ئەوا لە ماوەیەکی نزیکدا دەرنجامی ئەرێنی خۆی ئەبێت."

لە کۆتاییدا ئیبراهیم بیلمەز باسی لە گرنگی پشتیوانییەکان کرد و وتی: "لە ڕێگەی پشتیوانیەکانەوە دەتوانین گۆشەگیری بشکێنین."