بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییانەی لە ٧٤ شار دەبەسترێن

"پلاتفۆرمی ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" سبەی لە ٧٤ شار بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەبەستێت، بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون.

لەپێناو ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، ڕۆژی ١٠ ی تشرینی یەکەم لە یەک کاتدا لە ٧٤ شاری جیهان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەدەچێت. ٧٤ شار سیمبولی تەمەنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.

نوێنەری سەندیکاکان، پارتە سیاسییەکان، پەرلەمانتاران، چالاکوانان، ژنان، گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، گروپە ژینگەپارێزەکان، براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، فەیلەسوف و نووسەرانیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا بەشدار دەبن.

(Unite the Union) گەورەترین سەندیکایە لە بەریتانیا و ئێرلەندا، سەبارەت بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ستراسبۆرگ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە چالاکییەکە لەوێوە دەستپێدەکات.

سکرتێری گشتی سەندیکاکە، کریستین بلۆوەر، هاوکات بەڕێوەبەری کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"ـە، هەروەها بەڕێوەبەری نێونەتەوەیی سەندیکاکە، سیمۆن دوبینز، ڕاگەیاندراوێکی نووسراویان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ، لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا  لە نێوان کاتژمێر ١٣:٠٠ بۆ ١٤:٠٠ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوە دەچێت.

مەرجێک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی

بەڕێوەبەری سەندیکاکان ڕایانگەیاند کە لەگەڵ ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کەمپەینێکی نوێی نێونەتەوەی دەستپێدەکات و ڕاگەیەندرا: "کەمپینی "ئازادی بۆ ئۆجالان"ی سەندیکاکانی کرێکارانی بەریتانیا کە ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا، و ١٦ سەندیکای نەتەوەیی و ناوەندی گشتی (TUC) لەخۆدەگرێت، بەپەلە بانگهێشتتان دەکات بۆ ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بنەمای ئەو کەمپەینە نێونەتەوەییە نوێیە ئەوەیە، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و هەرێمێکی فراوان، مەرجی سەرەتایی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "لەگەڵ ئەمەدا، بەپەلەترین داخوازیی کۆتاییهێنانە بەو گۆشەگیرییە گرانەی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەیە و نزیکەی ٣ ساڵە بەردەوامە".

پێویستە ئەم گۆشەگیرییە مەترسیدارە کۆتایی بێت

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "یاسای تورکیا و یاسا نێونەتەوەییەکان بە ڕوونی پێشێل کراون و بەرکەوتنی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە (...) بنەماڵەکەی و هەڤاڵەکانی و پارێزەرەکانی و ملیۆنان کورد نیگەرانن بۆ تەندروستی و سەلامەتی ئەو. بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گۆشەگیرییە مەترسیدارە بهێنین، دەبێت لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی فشار بکەین". (Unite the Union) بانگەوازی کرد بۆ پاڵپشتی لە کەمپەینی نوێی نێونەتەوەیی و ڕایگەیاند، "کەمپینەکە بە بەشداریی بەرپرسانی هەڵبژێردراو، ئیدارە خۆجێییەکان، پارت و بزووتنەوەکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران و ئەوانیتر دەبێت، داوا دەکرێت بۆ ڕێگەدان بە چاوپێکەوتنی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی، هەروەها داوا دەکرێت لەپێناو چارەسەرێکی سیاسی و دیموکراتیک و یەکسان بۆ کێشەی دەیان ساڵەی کورد، لە هەلومەرجی گونجاودا کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت، ئۆجەلان ئازاد بکرێت".