باقرخان: بە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و دانپیانان بە کورددا، چارەسەر دێتەدی

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر پێشهاتەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و گوتی: " بە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و دانپیانان بە کورددا، چارەسەر دێتەدی".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤە هەنوکەییەکان کرد. تیشکی خستەسەر سەرکەوتنی هاوپەیمانی چەپ لە فەرەنسا و گوتی ئەوکاتەی یەکێتییەک دژی شەپۆلی فاشیزم درووست دەبێت، ئەنجام بەدەست دێت و ئەنجامەکان لە فەرەنسا بۆ ئەوانیش ئومێدبەخشە.

هەروەها باقرخان دیدگای پارتەکەی خستەڕوو دەربارەی پرسەکانی وەک دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەوە، قەیرانی ئابووری لە تورکیا و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانەکان، هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دوایین دیدارەکانی بەرپرسانی تورک لە بەغدا و دیمەشق و تاران.

باقرخان لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: "زوو یان درەنگ چارەسەرێک دێتەدی. ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆتان ئەوەیە ببنە بەشێک لە چارەسەر. چارەسەر دیپلۆماسییەتی شەڕ نییە لە ئەنقەرە و دیمەشق و تاران؛ چارەسەر لە ئامەد و کۆبانێ و هەولێر و کرماشانە. کورد دەیانەوێت سیاسەتێک بکەن بۆ گەیشتن بە مافە دیموکراتیکەکانیان. هەر ئەمەش بە سوودی گەلان دەشکێتەوە.

چارەسەر بریتییە لە دانپیانان بە ئیرادەی گەلی کورد. چارەسەر گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، کە ڕێگەی بۆ پێکەوەژیانی گەلان کردەوە و هەوڵیدا بۆ چارەسەر. بەڕێز ئۆجالان تەنها لە پرسی کورددا بەردەنگ نییە. هاوکات بە فیکری خۆی، بە تێز و هۆشیارییەکەی، دەتوانێت سودێک مەزن بگەیەنێت بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بێگومان لەم ڕەوشەدا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکرێت لەپێناو چارەسەردا، بەشداری پێ بکرێت لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەردا".