باقرخان لە هەرێمی ئاگرەکە: ئەمە کۆمەڵکوژی DEDAŞ ـە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان سەردانی هەرێمی ئاگرەکەی کرد و گوتی: "ئەو شتانەی لە گوندەکە ڕوویاندا، کۆمەڵکوژی DEDAŞ ـە".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و شاندێکی یاوەری پێش سەردانی ناوچەی قۆسەر مێردین و بەشداربوون لە گردبوونەوەی "نان و دادپەروەری" مێردین، سەردانی هەرێمی ئاگرەکەی نێوان چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کرد. باقرخان و شاندەکە سەردانی گوندی کەلەکی سەر بە ناوچەی شەمرەخیان کرد کە تێیدا ١٠ هاوڵاتی بەهۆی کارەساتی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا بوو. باقرخان لەلایەن گوندنشینانەوە پێشوازی لێ کرا.

شاندی دەم پارتی چوونە ماڵی پرسەی گوندەکە و لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان دوان.

باقرخان گوتی: " ئەو شتانەی لێرە ڕوویاندا کۆمەڵکوژی DEDAŞ ـە. دەست لەم ڕووداوە هەڵناگرین. لەگەڵ بنەماڵەکانمان تێکۆشانی یاسایی ئەنجام دەدەین. پێویستە بەرپرسیاران دادگایی بکرێن و تاوەکو سزای پێویست وەردەگرن تێدەکۆشین. ئێمە بەشێوەی مادی و مەعنەوی لەگەڵ بنەماڵەکانمان دەبین. هەرچی بکەوێتە ئەستۆمان ئامادەین".

پاش وتەکانی باقرخان بنەماڵەکان قسەیان کرد و ناڕەزایەتیان بەرامبەر DEDAŞ و بەرپرسانی دەوڵەت دەربڕی.

باقرخان پاش سەردانی گوندەکە ڕوویکردە قۆسەر بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی "نان و دادپەروەری".