دەم پارتی پاش بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ سەردانی پارت و ڕێکخراوەکانی کرد. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و شاندی یاوەری لە ئیستەنبوڵ سەردانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە هەرێمییەکانیان کرد. ئەندامان و بەڕێوەبەرانی فیدراسیۆنەکە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین جار درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.
تونجەر باقرخان قسەی کرد و قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و بایەزیدی بیرهێنایەوە.
"ئەگەر دیموکراسی سەربکەوێت، کورد سەردەکەون"
تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر دیدارەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، ڕایگەیاند تەندرووستی ڕێبەر ئاپۆ باش بوو، پڕ هیوا بوو، سڵاوی بۆ هەمووان هەبووە، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان کاتێک هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کرد، گوتی: "ئەمە بانگەوازی شکست و تێکدان نییە"، ئەگەر دیموکراسی سەربکەوێت، گەلانی تورکیا و کورد و عەلەوی و گەنجان و ژنان و ژێردەستەکان سەردەکەون". کاتێک بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دەکرد، پێی گوتین: "بڕوام وایە، ئێوە باش لە من تێناگەن، لە ئەدرنەوە تا قەرس داوای دیموکراسی بۆ هەمووان دەکەم". گوتی "من تەنها بۆ کوردانی ئامەد و سێرت و مێردین و کوردستان، بۆ کورد و گەل و باوەڕەکانی تری ئیستەنبوڵ و تەکرداغ و ئەدەنە و مێرسین و شوێنەکانی تریش، کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشنیاردەکەم تا هەموویان بە زمانی خۆیان و ناسنامەی خۆیان و بەشکۆوە بژین. من پێشنیاری دیموکراتیکبوون و دیموکراسی دەکەم. پێشنیاری چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەکەم. لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکی مندا ژنانیش هەن، کوردیش هەن، عەلەویش هەن، هەموو گەل و باوەڕەکان کە ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە، هەن. تەنها لە هەرێمێکدا سنووردار نابێ". ئێمە لەم هۆڵەدا دەبینین، چەندێک ڕاستی گوتووە".
پێشنیاری کۆمەڵگەی دیموکراتیک
باقرخان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ سیستەمێکی خاڵی لە جیاکاری پێشنیار دەکات، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان دیموکراسی و دادپەروەری دەوێت، گەرەکێتی زەمینەیەک بۆ پێکەوەژیانی ٨٥ ملیۆن کەس بنیات بنێت. پێشنیاری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان، ڕەچەتەی پێکەوەژیانە".
هەروەها ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ سازشی لە بیروڕای خۆی نەکردووە، لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە تا ئێستە باسی کۆماری دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک دکات، بۆیە ئەمە بانگەوازێکە بۆ زیندووکردنەوەی تێکۆشان، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە ڕێکخستنەکەی خۆی دەڵێت "خۆت هەڵبوەشێنەوە"، بەڵام هاوکات بەو زیهنیەتەی کە ١٠٠ ساڵە کورد دەچەوسێنێتەوە دەڵێت "خۆت هەڵبوەشێنەوە". پێی دەڵێت خۆت بگۆڕە".
پێشهاتەکان لە سوریا
باقرخان جەختی کردەوە، لەگەڵ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتی سوریا پێکهات و بەمەش لەنێو ئەو گۆمی خوێنەدا دەرگایەک کرایەوە. گوتی: "دەزانم کێشە هەیە. بەڵام ئێمە باوەڕمان بە خۆمانە. ئێمە باوەڕمان بەو سیستەمەیە لە سەڵاحەدینی ئەیوبییەکانەوە دەستی پێ کرد و بە ئۆجالانەکان بەردەوامە. ئەوانەی هەڵەدەکەن، دەگۆڕێن، ئەوانەی لەم سەدەیەدا خۆیان ناگۆڕن، لەناودەچن. بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی کرد و گوتی: "بۆ مافە دیموکراتیکەکانی کورد و تاوتوێکردنی ئەم پرسە ئامادەم"، ئیتر کاتی ئەوەیە بەرپرسانی ئەم وڵاتە هەنگاوبنێن.
دەبێت سەرەتا ڕەوشی ژیانی باشتر بکرێت
باقرخان ڕایگەیاند دەبێت هەلومەرجی ژیان و پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ باشتر بکرێت، پرسی کورد ٢٠٠ ساڵە بەردەوامە و دەبێت زەمینەی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە نەهێڵرێت، گوتی: "ئەم پرسە تەنها بە ئاخاوتنێک لە ئیمراڵییەوە چارەسەر نابێت. ئەگەر چارەسەر ببێت، ئێمە بەدی دەهێنین".
"ڕێپێوانی دیموکراتیکمان دەستی پێ کرد"
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانی دیموکراتیک دەستی پێ کرد و دەبێت هەمووان پێکەوە هەنگاو بنێن و لەدەوری دەم پارتی کۆببنەوە، دەم پارتی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات. داوای کرد لە نەورۆزدا هەمووان بڕژێنە شەقامەکان و گوتی: "دەبێت لەم نەورۆزەدا پیشانی بدەین ئەم پرسە چەند بەنرخە. لەئێستەوە، جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت".