کۆنگرەی گەل بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە نەورۆز

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل بۆ ئەوە وەڵامێکی بەهێز بدرێتەوە بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە جەژنی نەورۆز.

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد و تەواوی گەلان پیرۆز کرد و شەهیدانی بیرهێنایەوە، دەڵێت: " ئێمە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کە 'مانیفێستی سەدە'یە، پێشوازی لە جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٥ دەکەین. گەل و دۆستانمان لە کوردستان و دەرەوە لەسەر بناغەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، وەک نەورۆزی ئازادی پێشوازی لە نەورۆزی ٢٠٢٥ دەکەن. هاوبەشی جۆشوخرۆشی گەلەکەمان و دۆستەکانمانین".

کۆنگرەی گەل تیشک دەخاتە سەر گرنگی و کاریگەرییەکانی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، کە لە بەرئەنجامی ئەمەشدا پرۆسەیەکی نوێ لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی نوێی دیمەشق دەستی پێ کرد، دەڵێت: "کلیلی چارەسەری قەیران و ئاڵۆزی و وێرانکارییەکان لە سوریا، شۆڕشی ڕۆژئاوایە، کە نیشانەی یەکێتی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیکی گەل و باوەڕەکانە".

کۆنگرەی گەل جەخت دەکاتەوە دەبێت هەمووان ئەم نەورۆزە وەک نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی بکەن و بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەفەربەربن، دەڵێت: "دەبێت هێزەکانی دیموکراسی بە پرۆژەکانی چارەسەریی خۆیان پێشەنگایەتی لەم پرۆسەیە بکەن. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، بابەتی سەرەکی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆیە. بابەتی سەرەکی، درووستکردنی متمانەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە".

دووپاتی دەکاتەوە دەبێت ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکان و ژنان و هێزە ئاشتی و دیموکراسیخوازەکان فشار لە پەرلەمانتاران و پارتە سیاسییەکان بکەن کاری پێویست بکەن بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و مسۆگەرکردنی دیداری ئیمراڵی لەڕێگەی یاساوە.

لەکۆتاییدا دەڵێت: "بانگەواز لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەین، بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ بەشدارییەکی بەهێز لە نەورۆزدا بکەن. نەورۆز پیرۆز بێت".