لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا ژیان لە سەرجەم شارەکان ڕاوەستا

ئەمڕۆ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە وبە مەبەستی بە بیرهێنانەوەی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە، لە سەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان ژیان ڕاوەستا.

هەموو ساڵێک بۆ بە بیرهێنانەوەی تاوانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، لە سەرجەم ناوچەکانی باشووری کوردستان هەموو جوڵەیەک بۆ ماوەی خولەکێک لە ناوەندی شارەکان دەوەستێندرێت.

ئەمساڵیش بە هەمان شێوە دانیشتووانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان شەهیدانی هەڵەبجەیان بە بیرهێنایەوە.

وەستانەکان لە کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی پێش نیوەڕۆ بوو، کە دەکاتە ئەو کاتەی کە هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا.

ئەو برینەی کە ٣٧ ساڵە چاک نەبووەتەوە

٣٧ ساڵ لەمەوبەر هێزی ئاسمانی ڕژێمی سەدام ئاسمانی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا نزیکەی پێنج هەزار کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و زیاتر لە ١٠هەزار کەسیش بریندار بوون.

هەڵەبجە بەشێک بوو لە پرۆسەی قڕکردنەکان: ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧بۆ ١٩٨٨هەوڵی نەهێشتنی کوردیان دا. بە هەزاران گوند وێران بوون، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و تەرمەکانیان بەکۆمەڵ بیابانەکانی عێڕاق لە گۆڕکران.