قەسەدە: هێرشە داگیرکەرییەکان زیادیان کردووە
قەسەدە ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی و زەوینی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا (SNA) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی زیادی کردووە.
قەسەدە ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی و زەوینی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا (SNA) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی زیادی کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە باڵانسی هێرشە داگیرکارییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، شەڕ لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا ڕاوەستا، بەڵام ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر لە ٣مانگە رووبەڕووی هێرشێکی توندی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بووەتەوە. هێزەکانمان سەرەڕای هەموو زەحمەتی و هێرشەکان، درێژە بە بەرخۆدانی خۆیان دەدەن.
لە بەرەی بەنداوی تشرین؛ دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکان چەندین شوێنی دەوروبەری بەنداوەکەیان بوردوومان کرد. لە هێرشەکاندا ٢جار بینای کرێکارانی بەنداوەکەوە بوردومان کران. هەروەها هێرشە تۆپبارانەکان دژی گوندەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ڕانەگیراون. لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵی هاوڵاتیان کەوت. هەروەها خاڵێکی هێزەکانمان بە تۆپ هاوێژ تۆپباران کرا و لە ئەنجامدا یەکێک لە شەڕڤانانمان بە سوکی بریندار بوو.
داگیرکەران و چەتەکانیان هەوڵیاندا بە درۆنێکی بۆمب هەڵگر هێرش بکەنە سەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندەکانی باکووری بەنداوەکە، بەڵام یەکینەکانی شەهید هارون درۆنەکەیان تێکشکاند.
لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەران گوندەکانی خەسەق و تینایان بۆردومان کرد. هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شەڕ خاڵێکی هێزەکانی ئێمەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو شەڕڤانمان بەسووکی ژەهراوی بوون. جگە لە هێرشە ئاسمانییەکان، گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، خەسەق، دیکان، مەلیحا، سینا لە دەوروبەری بەنداوەکە و گۆڕەپانی سیرین و هەروەها گردەکانی سێڤێ و قەرەقۆزاقیش تۆپباران کران. بە گشتی ناوچەکە زیاتر بە ٦٠ گولـلە هاوەن، تانک و موشەک بوردوومان کران. تۆپبارانەکە زیانێکی زۆری بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان گەیاندووە.
هێزەکانمان لە وەڵامی هێرشی داگیرکەران و چەتەکانیان، دژی بنکە و حەشارگەکانیان لە ڕۆژاوای پردەکە چالاکیان ئەنجامدا. بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکان بەردەست نییە.