ئاشتی و پێشهاتە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەگەر دەوڵەتی تورکیا پابەند بێت بەم پڕۆسە ئاشتییە و داخوازییەکانی کورد قبوڵ بکات، نەک هەر سەقامگیری ناوخۆیی خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەریش بگێڕێت لە داڕشتنی نەزمی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گرنگی ئاشتی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی؛ گەیشتن بە ئاشتیی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی شەڕەکانی ئێستا، لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا تا ململانەی ئیسرائیل و حەماس و شەڕی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد، هەروەها ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری شەڕە ناوخۆییەکان لە ناوچەکانی وەک سوریا، عێراق و لوبنان، کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیە جیهانییە درێژخایەنەکان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی نەزمێکی نوێی جیهانی. هەڵگیرسانی ئەم شەڕانە کە لە سەرەتادا بە ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگی هێز و کردنەوەی ڕێڕەوی ئابووری نوێ و ڕاکێشانی هاوپەیمانی نوێ دروست بوون، دوای سەقامگیربوونی ڕێژەیی هاوتەریبی هێزە سەرەکییەکان و هاوپەیمانەکانیان، نەک چیتر ئامانجە خوازراوەکانی لایەنەکان بەدی ناهێنن، بەڵکو بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری و زیادبوونی زیانە قووڵەکانی مرۆیی. بەردەوامی ئەم شەڕانە، جگە لە لاوازکردنی بناغەکانی گەشەپێدان و پێشکەوتن لە وڵاتانی بەشداربوو، پرۆسەی لێکنزیکبوونەوەی گەلانی تێکداوە و بۆشاییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی قووڵتر کردووەتەوە. بەم پێیە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیانە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و بەهێزکردنی هاوکارییە نێونەتەوەییەکان و دانانی میکانیزمی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی گرژی و سازان لەسەر دەستکەوتەکانی بەدەست هێنراو لە کارنامەی دەوڵەتە پەیوەندیدارەکاندایە، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری جیهانی. کۆتاییهێنان بەم شەڕانە و دامەزراندنی ئاشتی پێشمەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و باشترکردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا.

تورکیا پێویستی بە ئاشتییە لەگەڵ کورد

بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی جیهانی و پێشهاتە ناوچەییەکان، دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە هەموو دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەخۆیەوە بینیوە، پێویستی بە گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ کورد و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەیە. لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە شەڕی کورددا، ئەم وڵاتە نەک هەر نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێکی ستراتیجی بەدەستبهێنێت، بەڵکو ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و ئەمنی و سیاسیی ناوخۆ بووەتەوە و دەرفەتی دیپلۆماسی و گەشەپێدانی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لەدەست داوە.

تورکیە بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی مێژوویی و کۆمەڵایەتی کورد ئەم شەڕەی دەستپێکرد، بەڵام ئەم سیاسەتە لە بەرامبەر بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شکستی هێنا. ئێستا لە پڕۆسەی پێکهێنانی نەزمێکی نوێی جیهانیدا، ئیسرائیل بۆتە ڕکابەری سەرەکی دەوڵەتی تورکیا وەک لایەنگرێکی کورد، دەبێت خۆی لەم شەڕە پەرتبوونانە ڕزگار بکات، بەتایبەتی لەگەڵ کورد، کە کاریگەریی چارەنوونسسازی هەیە هەم لەسەر سەقامگیری ناوخۆیی و هەم لەسەر پێگەی نێونەتەوەیی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، حاکمەکانی ئێستا و بڕیاردەرانی سەرەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و حکومەتی باخچەلی لە تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بۆ پاراستنی مانەوەی سیاسی و ئابووری تورکیا و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ئیسرائیل، پێویستە سەرلەنوێ بە ڕێبازەکان بچنەوە کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و نەهێشتنی بوونی کورد دامەزراون. ئایندەی سیاسی ئەم وڵاتە پێویستی بە قبوڵکردنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە؛ گۆڕانێک کە خۆی لە شێوەی هەموارکردنەوەی دەستوور و داننان بە مافەکانی کورد وەک بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگای تورکیادا دەردەخات. ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، شاهیدی وەدیهاتنی ئاشتی هەمیشەیی دەبین لە تورکیا، گەرنا دەوڵەت نەتەوەیی تورکیا لە نەزمی نوێدا لاوازتر دەبێت.

گرنگی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

بێگومان ئەو پەیامەی کە عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٥ی شوبات بڵاوی کردەوە، ڕەنگدانەوەی شیکاری قووڵی ئەو بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە و هەوڵێکە بۆ دابینکردنی چارەسەری نوێ لە پێشخستنی پرسی کورد لە سەردەمی هاوچەرخدا. بە ڕەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی واقیعی و ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی پەکەکە و شەڕی شۆڕشگێڕانەی چالاک، هەوڵی کێشانی نەخشەڕێگایەکی نوێ داوە کە لەگەڵ واقیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ئێستای کورددا بگونجێت. لە کێبڕکێی ناوچەیی نێوان دەوڵەتە فراوانخوازەکان کە هەوڵی پەراوێزخستنی گەلانی بندەست و بەتایبەت کورد دەدەن، ئەم پەیامە لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت و ڕۆڵی کورد بەرەو ناوەندی پێشهاتەکان ئاراستە دەکات، هەروەها ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێت لە گۆڕینی ڕێبازی خەباتی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکەیان و جێگیرکردنی شوێنی خۆیان لە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا پابەند بێت بە پڕۆسەی ئاشتی، ئەوا ئەم پەیامە تەنها سەرەتای پرۆسەی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراسی" نییە، بەڵکو دەتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورک و قبوڵکردنی ڕەسمی ناسنامە و داخوازییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگ لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران. ئۆجالان لەم پەیامەدا جەختی لە پێویستی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و وەدیهاتنی دیموکراسی کردەوە و داوای کرد کۆتایی بە ململانێ چەکدارییەکان بهێنرێت و جێگرەوەیان بە گوتاری سیاسی و دیموکراسی وەک ئامرازێکی کاریگەر لە بارودۆخی ئێستادا. گرنگی ئەم هەڵوێستە زیاتر دەردەکەوێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاڵۆز و تەحەدای سیاسی و نیزامی. کاردانەوەی هەمەچەشنی دەوڵەتانی هەرێم و ڕۆڵی ناوبژیوانانی نێونەتەوەیی لەو هۆکارانەن کە کاریگەرییەکانی ئەم پەیامە لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن.

داهاتوویی پارتی کرێکارانی کوردستان

دوابەدوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێگەی کۆنگرەوە، سەرکردەکانی ئەو پارتە، وەک چاوەڕوان دەکرا، پێشوازییان لە پەیامەکە کرد. بەڵام پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەیان بە چەند مەرجێکی بنەڕەتی مەرجدار کرد: ئازادکردنی ئۆجالان، ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی لە کۆنگرەی و دروستکردنی کەشێکی دیموکراسی و یاسایی لە تورکیا لە بەرژەوەندی کورد. بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی سیاسی حکومەتی تورکیا و هەڵوێستی سەرکردەکانی، ئەگەری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئۆجالان لە کۆنگرەدا زۆر بەدوور دەزانرێت. بۆیە پێشبینی دەکرێ پەکەکە تەنانەت بەبێ ئامادەبوونی فیزیکی ئۆجالانیش ڕێگای هەڵوەشانەوە بگرێتەبەر. بەڵام مەرجی ئازادکردنی ئۆجالان دەکرێت ببێتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئیمراڵی، ئەنقەرە و قەندیل، پێدەچێت پێش کۆنگرە جێبەجێ بکرێت. ئەم ئازادکردنە ڕەنگە مەرجدار بێت و سنووردارکردنی وەک گرتن لە ماڵەوە، قەدەغەکردنی جێهێشتنی تورکیە و سنووردارکردنی سەردانەکانی لەگەڵدا بێت. لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا ئامەد بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە بژاردەی نیشتەجێبوون بۆ ئۆجالان. مێژووی خەباتی پارتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم پارتە چەندین جار پێکهاتەی خۆی گۆڕیوە و هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاندووە و پێناسەی خۆی کردووەتەوە، بەڵام هەمیشە توانیویەتی لەم تاقیکردنەوە سەختانە سەرکەوتووانە دەربچێت. بەڵام جیاوازی نێوان ئەم قۆناغە و ڕابردوو دانانی چەکەکانە، کە لەلایەن بیروڕای گشتییەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام هێشتا نیگەرانی لە بەردەوامیی خەبات هەیە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی کورد بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن. بێگومان باڵی سەربازیی پەکەکە لەم پڕۆسەیەدا هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو حیزبە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەپاڕێزێن. 

کە میراتگری هەموو تێکۆشانی پەکەکەیە، لە وانەیە ئەم سیستەمە بتوانێت لە چوارچێوەی یاساییدا لە تورکیا لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە چالاک بێت. لە وەها هەلومەرجێکدا دەکرێ بڵێین پڕۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پارتی بە جددی دەست پێدەکات. بەڵام ئەم پرۆسەیە یەکلایەنە نابێت، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسی و یاسایی ئاڵۆز و دژبەرانە دەبێت کە پێویستی بە دانوستانی بەردەوام و چاودێری نێونەتەوەیی و گەرەنتی جێبەجێکردنی باوەڕپێکراو هەیە. بەڵام نابێت چاوپۆشی لەوە بکرێت کە پەکەکە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجالان خەباتی خۆی نەک وەک ئامانجێک، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەبینێت. بۆیە ئەگەر لەم پرۆسەیەدا داخوازییە بنەڕەتییەکانی کورد جێبەجێ نەکرێن، ئەم حیزبە هەر مافی بەرگری بۆ خۆیی پاڕێزراو دەبینێت.

کاریگەری پەیامی سەدە لەسەر کورد لە ئێران

پەیامی ئەم دواییەی عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پرسی کورد و لایەنە کوردییەکانی ئێران بە تایبەت لە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیدا هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە یەکەم: دروستکردنی پلاتفۆرمی گونجاو بۆ بەهێزکردنی گوتاری سیاسی و مەدەنی لە نێو کورد لە ئێران؛ دووەم: قبوڵکردنی پەرەسەندنی چالاکییە سەربازییەکان کە بە سەرکردایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئێران لە ڕوانگەیەکی تەنیا ئەمنی و سەربازی بەرامبەر کۆمەڵگای کوردی دوور بکەوێتەوە، ئەوا دەکرێت کارلێکی نێوان بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان و دەوڵەتی ئێران زیاتر بکرێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێبازدا ڕوونەدات، پژاک دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە توانا مرۆیی و سەربازییەکانی پەکەکە، قۆناغێکی نوێی چالاکیی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات. پەیامی ئۆجالان ڕەنگە کاریگەری لەسەر تێڕوانینی نەوەی نوێی کورد لە ئێراندا بەرامبەر بە ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان  بە باری ئەڕێنی و نەڕێنی هەبێت. بە سەرنجدان بە سنووردارکردنی ڕێگاکانی دیموکراسی و ئاشتیخوازانە بۆ بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی نەتەوە چەوساوەکان، لەوانەش کورد، تا ئێستا بەشێک لەم کۆمەڵگایە خەباتی چەکدارییان بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانیان زانیوە. بەڵام پەیامی ئەم دواییەی ئۆجالان دەتوانێت نیشانەی گۆڕانی پارادایم بێت، بەجۆرێک کە ڕەوتی بەرەو چارەسەری مەدەنی و دیموکراسی زیاتر لە ڕابردوو گرنگی پێبدرێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کورد گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا نەیەت، ئەگەری ئەوە هەیە کە مەیلی بەرەو خەباتی چەکداری لە کۆمەڵگای کوردیدا زیاتر بێت و لە ئەنجامدا چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بەلای حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا سەرنجیان ڕابکێشن.

کاریگەری پەیامەکەی ئۆجالان لەسەر ڕۆژئاوا

کاریگەری پەیامەکەی ئۆجالان لەسەر دۆخی کورد لە سوریا و بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەتوانێ فرەلایەنە و ئاڵۆز بێت. ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی گرژییە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان تورکیا و کورد لە ناوچەکە لەناوببرێت، چیتر حکومەتی تورکیا بیانوویەکی نابێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەی ڕۆژئاوا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان و ئەگەری کەمبوونەوەی بوونی سەربازیی تورکیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام پێویستە بگوترێ پارتی کرێکارانی کوردستان ئەگەرچی مەترسی لەسەر دەوڵەتی تورکیا دروست دەکات، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ فشارخستن و پاراستنی دەسەڵات و نفوز لەو ناوچانە بە هۆکاری دیکە، وەک نیگەرانی لە کاریگەریی سیستەمی کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەرگری ڕۆژئاوا لەسەر بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی لە ئایندەی سوریادا. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج کاردانەوەی دەوڵەتی تورکیایە بەرامبەر بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم پەیامە. لە کاتێکدا کە قبوڵکردنی ئەم پەیامە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان، بەڵام ڕەنگە دەوڵەتی تورکیا بە هۆی نیگەرانییە ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییەکانی خۆیەوە هەستیار بێت بەرامبەر بە نفوزی کورد لە سووریا. هەروەها پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە تورکیا نەک هەر خەمی جموجۆڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات ڕووبەڕووی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ببێتەوە کە ناوەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنن. لە کۆتاییدا پەیامەکەی ئۆجالان دەتوانێت لە کورتخایەندا گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان کوردەکانی سوریا و حکومەتی تورکیادا بهێنێتە ئاراوە، بەڵام لە درێژخایەندا سەرکەوتنی ئەم گۆڕانکاریانە بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتی تورکیا و فاکتەرە نێونەتەوەییەکان و کاردانەوە ناوخۆییەکانی تورکیا.

پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ململانێکانی تورکیە لەگەڵ کورد، ئاماژەن بۆ پێویستی گۆڕانکاری لە سیاسەتە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان. پەیامی سەدە لە عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵوێستەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەم بوارەدا، بەتایبەتی لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری و قبوڵکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە، دەکرێت خاڵی وەرچەرخانێک بێت بۆ ئاراستەکانی داهاتوو. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا پابەند بێت بەم پڕۆسە ئاشتییە و داخوازییەکانی کورد قبوڵ بکات، نەک هەر سەقامگیری ناوخۆیی خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەریش بگێڕێت لە داڕشتنی نەزمی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها ئه م پێشهاتانه ده‌توانێت بوار بۆ گۆڕانکاری له ڕۆژهەڵات بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان هەموار بکات.