دەبەپە: هیچکات کۆمەڵکوژی دژی هەڵەبجە لەبیر ناکەین
دەبەپە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، هیچکات کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لەبیر ناکەین و قەد ڕێگە نادەین لەبیر بکرێت.
دەبەپە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، هیچکات کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لەبیر ناکەین و قەد ڕێگە نادەین لەبیر بکرێت.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، سەبارەت بە ٣٧ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیانداوەکەی دەبەپە بەم شیوەیەیە:
"٣٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەڵەبجە وەک برینێکی ساڕێژنەکراو لە یادەوەری کوردستاندا ماوەتەوە، کۆمەڵکوژی هەڵەبجە کە لە ١٦ـی ئاداری ١٩٨٨ ڕوویدا، یەکێک بوو لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق کە نکۆڵی لە ناسنامەی گەلی کورد دەکرد، ئەو ڕژێمەی کە بە دەسەڵاتداری سەدام حسێن لەسەر پێ مابووەوە، بۆئەوەی داواکاری گەلی کورد بۆ ئازادیی لەناوببات، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەی بەچەکی کیمیایی ئەنجامدا و بە دەیان هەزار ژن، منداڵ و پیر تێیدا شەهیدکران، ئەمەش ئەوەی دەرخست کە ڕق و کینەی بەرامبەر گەلی کورد چەندە زۆرە.
٣٧ ساڵ لەمەوبەر بە چەکی کیمیایی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدرا، هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان بە بێدەنگی و پیلانە گڵاوەکانیان ڕۆڵیان لەم تاوانەدا هەبوو، ئەم هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر گەلی کورد، وەک دڕندەییەکی گەورە کە هێشتا لەبیر نەکراوە، لە ڕۆژەڤی کوردستاندایە، لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە کیمیابارانی هەڵەبجە وەکو تاوانێکی دژە مرۆڤایەتی لە ڕۆژەڤدایە، ئەم کۆمەڵکوژییە تا ئێستا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەکو جینۆساید نەناسێندراوە، تا ئێستا لێپرسینەوە لە کوشتنی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی نەکراوە.
سەرەڕای ئەم ڕاستییە، هێشتا دوژمنایەتی کوردان دەکرێت و دەستبەرداری ئامانجە خوێناوییەکانی نەبووە، ئەوکات کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، ئەنفال، قامیشلۆ و سینەمای عامودا هەبوون، ئەمڕۆش بەهەمان شێوە لە شنگال هەتا بەنداوی تشرین و عەفرین و لازقیە و تەرتوس هەوڵی ناوبردنی داواکاری ئازادیی گەلان بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەدرێت، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەم هەوڵە هەرگیز سەرکەوتوو نابێت، وەک چۆن خەڵکی هەڵەبجە چۆکیان دانەنا، ئێمەش بەرخۆدان دەکەین.
هەروەها ئێمەش بەردەوامی بەو هەڵوێستەی کە خەڵکی هەڵەبجە لە بەرامبەر ڕژێمی دیکتاتۆر، لە دژی کارەکانی دیکتاتۆران و سیاسەتی جیۆساید ئەنجامیان دا دەدەین، پێویستە ئەو هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی ڕۆڵیان هەبوو لەم کۆمەڵکوژییەدا ڕووبەڕووی هەڵەبجە بکرێنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها هەتا قبوڵکردنی تاوانی دژ بە هەڵەبجە وەکو جینۆساید ئێمە لێپرسینەوە دەکەین.
جارێکی دیکە بە بۆنەی ٣٧ ساڵەی کۆمەڵکوژیی خەڵکی هەڵەبجەوە، هەموو قوربانییانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە و کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار دەکەین، هەروەها جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە هەرگیز هەڵەبجە لەبیر ناکەین و هەرگیز ڕێگە نادەین لەبیر بکرێت."