لە سلێمانی دەربارەی گرنگی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی دەربارەی گرنگی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کۆڕێک بۆ مامۆستای زانکۆ نیکۆلا ئەشرەف ڕێکخرا، تێیدا گوتی: " پەیامەکەی بەڕێز ئۆجاڵان دۆخی کورد سەرلەنوێ بەرەو باشتر دەگۆڕێت لە ناوچەکەدا".

ئەمڕۆ لە دەزگای ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی دەربارەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، کۆڕێک بۆ مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی نیکۆلا ئەشرەف ڕێکخرا.

نیکۆلا ئەشرەف ڕایگەیاند ئەم بانگەوازە وەڵامگۆی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، گوتی: "گرنگی پەیامەکە لەوەدایە کە دۆخی کورد سەرلەنوێ لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت، هەروەها دۆزی کورد دەباتە پێشەوە، بەو مەرجەی سەرکردەکانمان و حزبە سیاسییەکانی کورد بە شێوەیەکی حەکیمانە و فرەلایان مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە زێڕینەی گەلەکەماندا بکەن".

هەروەها گوتی: "بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و وەڵامدانەوەی پەیامی سەدەی بەرێز ئۆجاڵان پێویستە تورکیا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بە کرداری هەنگاوبنێت بەشێوەی یاسایی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەمە لە کاتێکدایە ڕەگەزپەرستی لە تورکیا تا ئاستی فاشیزم ڕۆشتووە، لە ئێستادا پێویستە تورکیا خۆیان لە گەڵ پەیامەکەی بەڕێز ئۆجاڵاندا بگونجێنن تورکیا ناچارە هەنگاوی کرداری بنێت.

پەیامەکە بووەتە ئامڕازێک بۆ پارێزگاریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنانەت ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی پاراستووە، هەروەها دووبارە کاریگەری لەسەر بەهێزبوونەوەی باشووری کوردستان هەبووە، وەک لە بەدەمەوەهاتنی لایەنە کوردییەکان بۆ پەیامی ئاشتیی سەدە دەبینرێت".