لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە یاد کرایەوە

ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان ساڵیادی کیمیاباران و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە یادی کرایەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، لە شارەکانی سەقز و مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم بۆنەوە نەمام چاندرا.

ئەمڕۆ لە شاری سەقز لەلایەن ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ژینگه‌پارێزیی “ژیانی سه‌وز” به‌ چاندنی سه‌دان نه‌مام ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا.

هەروەها چالاکییەکە بە بەشداریی چالاکوانانی ژینگەیی و هاوڵاتییانی شارەکە بەڕێوەچوو، هەروەها نەمامی بەڕوو و گوێژیان چاند.

هاوکات، لە شاری مەریوان لەلایەن ئەندامانی گروپی ژینگەپارێزی چیا و خوێندکارانی شارەکە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا و بەو هۆیەوە چەندین نەمام لە شارەکەدا چێنرا.

جێگای ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٦ـی ئاداری ١٩٨٨ ڕژێمی پێشووی عێراق بە چەکی کیمیایی شاری هەڵەبجەی بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ١٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.