مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە ڕێپێوانێک دەستی پێکرد

مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە ڕێپێوانێک لە بەردەم باخی گشتی هەڵبجەوە دەستی پێکرد، مەراسیمەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا ڕژێمی بەعسی عێڕاق، بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردوومان کرد و بە هۆیەوە لە چەند خولەکێکدا ٥٠٠٠ هاوڵاتی کورد کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون کۆمەڵکوژ کران و بەهەزارانی دیکەش بریندار و بێسەروشوین بوون،  ئەم بۆردوومانە بوو بە برینێکی ساڕێژنەبوو بە جەستەی هەڵبجە و هەموو کوردستانەوە، بۆیە ساڵانە لە ١٦ـی ئاداردا بە مەراسیمی جەماوەریی یادی ئەو کیمیاباران و کۆمەڵکوژییە دەکرێتەوە.

کەمێک پێش ئێستا مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەكە، بە ڕێپێوانێک کە خەڵکی هەڵەبجە و دەیان کەسایەتی و خەڵکی ناوچەکانی دیکە تێیدا بەشدارییان کردووە، لە بەردەم باخی گشتی هەڵبجەوە دەستی پێکرد و تا مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بەردەوان دەبێت.

جێی ئاماژەیە مەراسیمی ئەمساڵ ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و لە ڕۆژی یەکەمدا چەند وتارێک و بەرهەمی هونەریی و لاوانەوە پێشکەش دەکرێت.

هەروەها لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا چەندین پانێڵ و سیمینار لەسەر کیمیاباران و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت و لەوە بارەوە چەند کتێبکیش بڵاودەکرێتەوە.