کۆمەڵکووژی عەلەوییەکان لە نانت شەرمەزار کرا
لە شاری نانتی فەڕەنسا، بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکووژیی لە دژی عەلەوییەکان لە سووریا، چالاکی ئەنجام درا.
لە شاری نانتی فەڕەنسا، بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکووژیی لە دژی عەلەوییەکان لە سووریا، چالاکی ئەنجام درا.
دامەزراوەی عەلەوییەکان، چالاکوانانی فەڕەنسا و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیری چالاکییەکەیان کرد، کە لە لایەن ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نانت (دەکتەم)وە ڕێکخرا.
"کۆمەڵکووژی ڕاوەستێنن"
ڕێپێوانەکە لە place de Commerce لە ناوەندی شارەکە دەستی پێکرد، لە place de Royale کۆتایی هات. لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "کۆمەڵکووژییەکان لە دژی عەلەوییەکان ڕاوەستێنن" و "دادپەروەرییمان دەوێت" هەڵگیرا و بەبەرزکردنەوەی دروشم کۆمەڵکووژییەکان شەرمەزار کرا.
"تورکیا ڕۆڵی لە کۆمەڵکووژییەکاندا هەیە"
بە ناوی دەکتەم دۆغان کایا قسەی کرد و سەرنجی خستەسەر ڕۆڵی تورکیا لە کۆمەڵکووژیی عەلەوییەکان لە سووریا و گوتی: “بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە هەرێمەکە کۆمەڵکووژی ڕوونەدات، دەبێت ژینگەیەکی دیموکراتیک و چارەسەری ئاشتییانە پێشبخرێت". کایا لەسەر پڕۆسەی ئاشتی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستی پێکرد، هەڵوەستەی کرد و ئاماژەی بەوەدا حکومەتی ئەنقەرە لەم پڕۆسەدا دڵسۆز نییە و گوتی: “گۆڕانی گوتە و شێواز بۆ ئاشتیی و چارەسەری لە تورکیا دەتوانێت ڕێ لەبەردەم چارەسەریی هەمیشەیی بکاتەوە".
دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرزکرایەوە
لە ڕێپێوانەکەدا بەبەرزکردنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" سەرنج خرایەسەر ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. چالاکوانان فەڕەنساش بە پەیامەکانیان پشتگیری چالاکییەکەیان کرد. چالاکییەکە دوای قسەکان بە خولەکێک ڕێزگرتن کۆتایی هات.