لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی گەلان (هەبەدەهە) کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە و بایەزید و غازی یادکرایەوە و دەڵێت: "هەریەکەیان بەڵگەی تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت کۆمەڵکوژی هەڵەبجە تاوانێکی هەرە مەزنی ڕژێمی سەدام حوسێن و بەعسە دژی گەلی کورد، گوتی: "ڕژێمی سەدام هەوڵیدا بە چەندین چەک داخوازی ئازادی و یەکسانی گەلی کورد سەرکوت بکات، بەم کۆمەڵکوژییە چووە نێو لاپەڕە پڕ شەرمەزاریییەکانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە. بەڵام بۆمبی کیمیایی و تانک و تۆپەکانی نەیانتوانی تێکۆشانی یەکسانی و ئازادی گەلی کورد لاواز بکەن".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت ئێستە دەوڵەتی تورک هەمان خواستی سەدامی دیکتاتۆری هەیە، دەیەوێت لە هەموو جێیەک کورد لەناوببات، دەڵێت: "لەگەڵ بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە، بە چەکی کیمیایی و تەکنیکی شەڕی پێشکەوتوو هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات". هەروەها جەخت دەکاتەوە، سەرەڕای ئەم هێرشانە ناتوانن تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری گەلانی بندەست لەناوببەن.
هەروەها کۆمەڵکوژی بایەزیدی بیرهێنایەوە و دەڵێت: "ئەم کۆمەڵکوژییە بەشێکە لە شەڕی فاشیزم دژی گەنجان و تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی گەنجان. لە کەسێتی گەنجانی کوژراودا، ویستیان وزەی شۆڕشی بزووتنەوەی گەنجان سەرکوت بکەن.
بەڵام بایەزید هاوکات نیشانەی بەرخۆدانە دژی فاشیزم. ئەگەر ئەمڕۆ تێکۆشانی بایەزید مەزن دەکەین، ئەمە بۆ سەرخستنی تێکۆشانی شۆڕشی یەکگرتووە".
هەروەها کۆمەڵکوژی غازی دژی عەلەوییەکان لە ئیستەنبوڵ بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند ئەمڕۆش لە سوریا کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان بەردەوامە.
هەروەها دەڵێت: "هەموو کۆمەڵکوژییەک سەرەتای بەرخۆدانێکە. گەلی کورد و گەنجانی شۆڕشگێڕ و عەلەوییەکان، هەموویان دژی ستەم تێکۆشانی شکۆدار دەکەن".
لەکۆتاییدا هاتووە: "بە مەزنکردنی تێکۆشانی شۆڕشی یەکگرتوو ڕێگە لە کۆمەڵکوژی نوێ دەگرین، لە تێکۆشانماندا خاوەنداری لە قوربانیان دەکەین و لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان دەکەین".