"دەبێت کۆمەڵکوژی هەڵەبجە وەک جینۆساید بناسرێت"
کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی کە لە ١٦ ی ئاداری ١٩٨٨ ئەنجامدرا، لە چەند شارێک شەرمەزار کرا.
کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی کە لە ١٦ ی ئاداری ١٩٨٨ ئەنجامدرا، لە چەند شارێک شەرمەزار کرا.
لە ١٦ ی ئاداری ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس لە عێراق، شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرد. لە کۆمەڵکوژییەکەدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لەنێویاندا منداڵ و ژن و پیر و گەنج شەهیدبوون، هەزاران کەس بریندار و بێسەروشوێن بوون. لە ٣٧ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا، قوربانیان بیرهێنرانەوە.
وان: پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی وان، لە ناوەندی شارەکە ڕاگەیاندراوێکی خوێندوە. نوێنەری ڕێکخراەکان و زۆر کەس بەشداربوون. کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و بایەزید یادکرایەوە، جەختکرایەوە لەم کۆمەڵکوژییانەدا هەزاران کەس شەهیدکراون، قوربانیان بیرهێنرانەوە و دووپاتکرایەوە ئەم کۆمەڵکوژییانە لەیادناکرێن.
شەرناخ: لە ناوچەی جەزیری شەرناخ ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، ڕێکخستنەکانی دەبەپە و تەژەئا و دەم پارتی و ڕێکخراوەکان و پەرلەمانتاران و زۆرکەس بەشداربوون.
دواتر هاسەرۆکی دەم پارتی جزیر یەڵماز سانری گوتی: "هەڵەبجە تەنها ناوی شارێک نییە. هاوکات ئازاری گەلی کوردە. هەرگیز ئەم کۆمەڵکوژییە لەبیر ناکەین".
پەرلەمانتار محەمەد زەکی ئیرمەز ڕایگەیاند گەلی کورد چەندین جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووەتەوە، دووپاتی کردەوە ئەو دەوڵەتانە لەبیرناکەن کە بێدەنگبوون بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و گوتی: "بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی بناسرێت، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
ئەدەنە: ڕێکخستنی دەم پارتی ئەدەنە لە پارکی ئینۆنۆ ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون. ڕاگەیاندراوەکە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێنرایەوە.
هاتای: لقی هاتای ئیهەدە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. تێیدا ڕاگەیاندرا ئیهەدە درێژە بە تێکۆشان دەدات تاوەکو تورکیا جینۆسایدی کوردەکان بە فەرمی بناسێنێت.
موش: ڕێکخستنی دەم پارتی و دەبەپەی موش بە ڕاگەیاندراو و سینڤزیۆنێک قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی بیرهێنایەوە. هاوسەرۆکی دەبەپەی موش، ئوموت یەڵماز ڕایگەیاند تا کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە ئاستی نێونەتەوەییدا وەک جینۆساید دەناسرێت، درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
پەرلەمانتار سومەیە بۆز گوتی: "هەڵەبجە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە. دەبێت ئیتر ژیانێک بنیات بنرێت، کە چیتر منداڵان بە بۆنی سێو گیان لەدەست نەدەن، وە لەنێو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و ئاشتییانە بژین".
پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە نیشان درا.
جولەمێرگ: بە پێشەنگایەتی دەم پارتی لە گەڤەری جولەمێرگ ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرانی شارەکە و دایکانی ئاشتی بەشداربوون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و تەواوی کۆمەڵکوژییەکان دژی گەلی کورد شەرمەزارکران.
چالاکییەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.
مێردین: بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی و دەم پارتی و دەبەپە و تەژەئا لە مێردین، مەراسیمی یادکردنەوە ئەنجامدرا. جەماوەر لەبەردەم مزگەوتی شاکر نوهۆغلو تا پارکی کارایۆلاری ڕێپێوانیان کرد. لەوێ ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە و گوترا: "تا کۆمەڵکوژی هەڵەبجە وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەناسێنرێت درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
پەرلەمانتاری دەم پارتی کاموران تانها گوتی: "هێشتا کۆمەڵکوژییەکان بەردەوامن، دوێنێ سەدام، پێش ماوەیەک ئەسەد، ئەمڕۆش ئەحمەد شەرع. تێکۆشانمان دژی کۆمەڵکوژییەکان بەردەوام دەبێت".