باقرخان: شەڕی ئاکەپە – مەهەپەیە نەک گەلانی تورکیا، دەبێت کەس هاوکارییان نەکات

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، بەرامبەر بە هێرشە داگیرکارییەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و روو لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان وتی: ئەمە شەڕی دەسەلاتداری ئاکەپە-مەهەپەیە، نەک شەڕی گەلانی تورکیا.

ئەندامانی پارلمانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە ناوەندی گشتیی پارتەکەیان بۆ دیاریکردنی هێڵێکی تێکۆشانی سەردەمی نوێ کۆبوونەوە. تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، پێش کۆبوونەوەکە لە بارەگای پارتەکەی، لێدوانێکی دا. سەرەتا ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵکوژی پرسوس دا گیانیان لەدەستدا بەبیر هێنایەوە و وتی: "بەڵێن دەدەین بە هەڤاڵەکانمان پردی ئاشتی و دیموکراسی، ئازادی و پشتیوانی بنیات بنێن. هاوکات ئەو کەسانەی کە ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا شەرمەزار دەکەین."

باقرخان لە بەردەوامی وتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە دەم پارتی لە هەوڵی بەرفراوانکردنی تێکۆشانە لە دژی شەڕ و وتی: "بۆ ئەوەی ئەم شەڕە قووڵ نەبێتەوە و کێشەکە بە ئیرادەی گەل چارەسەر بکرێت لە هەوڵی بەرفراوانکردنی تێکۆشانداین. ئەوانەی شەڕخوازن گەلانی سوریا و عێراق نین. گەلانی ئۆکرانیا و لوبنان نین. ئەوانەی شەڕیان دەوێت تەنیا دەسەڵاتدارانن."

لە درێژەی قسەکانیدا باقرخان سەرەنجی خستەسەر سیاسەتەکانی تورکیا و وتی: "پرسی ئاسایش و ژیانی دیموکراسیانەی گەلی ڕۆژئاوا لەسەر مانەوەی خۆیان بە هەڕەشە دەبینن. چ کارێکیان لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان هەیە؟ لە چیا و دەشت و شاخەکانی ئامێدی سەربازگە و بارەگا دروست دەکەن. گەل کێشەی ئابووری هەیە و بەدەست کێشەکانی ترەوە دەناڵێنن بەڵام حکومەت بەدوای شەڕ و ململانێ دایە لە ڕۆژئاوا و هەرێمی باشووری کوردستان. ئێمە ئەم هەنگاوە قبووڵ ناکەین و ڕووبەرووی دەوستینەوە. ئۆپۆزسیۆن نابێت پشتیوانی ئەم هەنگاوە بکات و نەکەوێتە بن کاریگەری ئەوانەوە. چونکە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەسەڵاتێکی شەڕخوازە. ئەمە شەڕی گەلانی تورکیا نییە. کورد هەرگیز مەترسی نییە، گەلی هەرێمی کوردستان مەترسی نیین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. تەنها حکومەت بۆ مانەوەی خۆی هەوڵ دەدات دوژمن دروست بکات و بیکات بە سەنگەری مانەوەی."

باقرخان لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: "نەفرەت لەو کەسانەی شەڕ و ململانێیان دەوێت. ئەم حکومەتە تەرکیزی لەسەر لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە. ئەردۆغان دوێنێ لە وتارەکەیدا سەبارەت بە قوبرس ڕایگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان و کۆبوونەوە و ئاشتییەکی هەمیشەیی، بەڵام بۆچی کاتێ بابەتی قسەوباس دەبێتە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، تانک و تۆپ بەکاردەهێنن؟ بۆچی بۆ کورد چارەسەریتان نییە؟ بۆچی دوژمنایەتی گەلی کورد دەکەن؟ ئێوە دەتوانن لەگەڵ ئەسەد ئاشتی بکەن، بەڵام کورد لە عەفرین ماڵ وێران ودەربەردەر دەکەن، هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن، دارستانەکانی دەسوتێنن، گەل دەکوژێن و لە گوندەکانیان ئاوارەیان دەکەن. هەمان ئەو کارانەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠ لێرە دەکرا، ئەمڕۆ لەوێ ئەنجام دەدرێن.

دەمەوێت بانگی بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەم. لە پێناو خوا بەڕاستی لەوێ بەڕێوەبەرێک هەیە؟ وڵاتێک ٨٠ بنکەی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی لە چوارچێوەی خاکی وڵاتێکی دیکەدا دروست کردووە. ئەرێ ئیدارەی ئەوێ کەی پرسیاری ئەو دەکەن 'ئەم بنکە و تانک و تۆپانە بۆ چی هێنراونەتە ئێرە؟ بۆ کێ هاتوون؟' ئەگەر زەحمەت نەبێ با پرسیار بکەن. ئێمە زۆر باش دەزانین بۆچی و بۆ کێ ئەو سەرباز و مۆڵگانە دروست کراون. تەنها حکوومەتی هەرێمی کوردستان نازانێت. بانگەوازی ئێمە ئەوەیە؛ تکایە مەبنە بەشێک لەم سیاسەتە داگیرکارییانە. تکایە ڕێگا بە داگیرکاری مەدەن، با ماڵی کورد، گوندەکانیان نەسوتێنرێت و چۆڵنەکرێن. مەبنە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی گەلی هەرێمی کوردستان. بەهۆی ئەم هاوکاریانەتان گەلی کورد ویژدانی ئازاری دەدات. پێویستە کوردان وەکوو ڕابردوو گرنگی بە دانوستانی نێوانیان بدەن.

ئێمە وەک دەم پارتی لە قۆناغی داهاتوودا بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و گەشەدانی یەکێتی دیموکراتیک، گرنگییەکی زۆر بە خۆبەڕێکخستن و پەروەردە دەدەین. بۆ پاراستنی کۆمەڵگا تێکۆشانی هاوبەش پەرە پێدەدەین و وەک جاران لە گۆڕەپانەکانداین."