بایدەمیر بانگەوازی لە گەلی ئامەد و ڕحا دەکات

سیاسەتمەداری کورد، عوسمان بایدەمیر، بانگەوازی لە گەلی ئامەد و ڕحا کرد لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار دەنگ بدەن بە پارتی چەپی سەوز، گوتی: «ئێمە سەردەمی ئیبراهیمییەکان دەستپێدەکەین».

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار، سیاسەتمەداری کورد، عوسمان بایدەمیر، بانگەوازی لە گەلی ئامەد و ڕحا کرد دەنگ بدەن بە پارتی چەپی سەوز، بایدەمیر دوو جار بۆتە سەرۆکی شارەوانی ئامەد، هەروەها جارێک نوێنەری شاری ڕحا بووە لە پەرلەمان.

پەیامەکەی بایدەمیر بۆ گەلی ڕحا و ئامەد، بەو جۆرەیە:

«خوشک و برایانم، گەلی ئامەد، گەلە دڵسۆزەکەمان، لە کانگای دڵەوە سڵاوتان لێ دەکەم، ئامەد ئەو شارەیە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بەرگری لە بەها مرۆڤایەتییەکان کردووە، وڵات و ئازادی پاراستووە. دڵنیام لەم ڕۆژە سەختانەدا، دیسان وەک قەڵای ئازادی و یەکسانی دەردەکەوێتەوە. ئامەد هەرگیز دەستبەرداری ڕۆڵەکانی نەبووە، دووبارە وەک پشتیوانی ئەم گەلە دەردەکەوێتەوە. خوشک و برایانم، دوژمنانی کورد، هەوڵیاندا لەڕێگەی نەژادپەرستییەوە کورد لەناوبەرن، ویستیان لەڕێگەی لەناوبردنی ئێوەوە هەبوونی خۆیان دامەزرێنن. گوتیان بە دانانی قەیومەکان، وا دەکەن کورد و کورستان و گەلی ئامەد واز لە دۆزەکەیان دەهێنن. گوتیان سور وێران بکەین کوردەکان واز لە کوردبوون و کوردستان دەهێنن. گوتیان ئەگەر ڕۆژئاوا داگیربکەین ئیتر کوردەکان ملکەچ دەبن.

لە ١٤ ی ئایار، خێوەتی ستەم لەسەر خاکەکەتان لابدەن

ئێستا کاتی هاتووە وەڵامێکی بە‌هێزیان بدەینەوە لە ١٤ ی ئایار و لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە. کوردەکان هەرگیز دەستبەرداری هەڵوێست و وڵاتپارێزی و ناسنامە و زمانەکەیان نەبوون، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری ڕۆڵەکانیشیان نابن. خوشک و برایانم، ستەم و زۆرداری ڕۆژانێکی کەمی ماوە. مۆر لە دەستی ئێوەیە، کلیل لە دەستی ئێوەیە، لە ١٤ ی ئایار بچنە سەر سندوقی دەنگدان تا ئەم خێوەتی ستەمە لەسەر خاکەکەمان لابدەین. بڵا ڕۆژێکی نوێ، بەهارێکی نوێ، دەرفەتێکی نوێ بکەوێتە دەستی گەلەکەمان. دڵنیام دووبارە ئامەد ڕۆڵە مێژووییەکەی دەگێڕێت، ئامەد پشتیوانی گەلەکەمانە، ئامەد قەڵای گەلەکەمانە. دووبارە لە دڵەوە سڵاو لە گەلی ئامەد دەکەم، شەرەفێکی گەورەیە کوڕی گەلی کورد و کوڕی ئامەدم.

وەڵامی ڕحا بەهێز دەبێت

لە شوێنێکی دوورەوە، لە غەریبییەوە سڵاو بۆ ڕحا دەنێرم. خوشک و برایان، کاتێک دەڵێن ڕحا، ئەمە جێگەی شەرەف و شکۆیە بۆ من. کاتێک دەڵێن ڕحا، بۆ من جێگەی دڵسۆزییەوە. لە ساڵی ٢٠١٤، ڕحا دەرگای دڵی خۆی بۆ کردمەوە. ساڵی ٢٠١٥، ڕحا گوتی، دەرگا داناخەم بەڕووی ئیبراهیمییەکان. ئەمە پەیامی ڕحا بوو. دڵنیام لەم قۆناغەدا، وەڵامی ڕحا مێژوویی دەبێت بەرامبەر نەمروودەکان. ئەم زیهنیەتی ئاکەپە و مەهەپە و ئەرگەنەکۆنە، خاکی ئێمەیان داگیرکرد، هاوپەیمانییەکەیان لەو پەیامەدا خۆی دەبینێتەوە کە لەرێگەی لەناوبردنی ئێمەوە خۆیان دادەمەزرێنن. بۆیە دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار و لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە وەڵامێکی بەهێزیان بدەینەوە کە ڕحا شاری ئیبراهیمییەکانە. لەوێدا سەردەمی نەمروودەکان کۆتایی هات. با بڕۆینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بدەین بە پارتی چەپی سەوز، تا هەموو عالەم بزانێت، ڕحا بەرامبەر نەمردووەکان ڕادەوەستێت».

ف.ق