بایندەر: ئەو شتانەی ئەمڕۆ باسدەکرێن، بەرئەنجامی بەرخۆدانن

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر ڕایگەیاند گفتوگۆکان دەربارەی پرسی کورد، بەرئەنجامی تێکۆشانی گەلی کوردە و هەرگیز پاشەکشە لە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناکەن.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر لە ئێلح چەند سەردانێکی ئەنجامدا، لەم چوارچێوەیەدا سەردانی ڕێکخستنەکانی دەم پارتی لە حەزرۆ و قابلجەوز کرد.

لە سەردانەکەدا بایندەر ڕایگەیاند سیستەمی دەوڵەت هەمیشە کاردەکات بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی گەلی کورد، بەڵام لە ئێلح و ڕۆژئاوا و تەواوی کوردستان تێکۆشانی ئازادیی کورد تا دێت مەزنتر دەبێت.  

"بەرخۆدان سەرکەوتن دەهێنێت"

بایندەر تیشکی خستەسەر سەرکەوتنەکانی گەلی کورد، گوتی: "لە ١٣ ی تشرینی یەکەم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، گردبوونەوەمان ئەنجامدا. لە ٧ تا ٧٠ ساڵی بەڕوونی ئیرادەی خۆیان نیشاندا. ئەردۆگان و باخچەلی ئەمەیان بینی بۆیە دەیانەوێت پرۆسەیەکی نوێ دەست پێ بکەن".

بایندەر ڕایگەیاند هەرگیز پاشەکشە لە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناکەن، گوتی: "بڕوامان وایە پرسی کورد لەم چوارچێوەیەدا چارەسەر دەکرێت. ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەکەین لەناودەچین. باوەڕیان وا بوو تا ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی بە تێکۆشانمان دەهێنن و یەکێتی کوردان لەناودەبەن. بەڵام ئیدی چارەیان نەماوە. ئێمە لێرەین و بەپێوەین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەم گفتوگۆیانەی لەم ڕۆژانەی دوایی دەکرێن، بەرئەنجامی تێکۆشانی ڕەوای کوردانە".