عەبدولمەلیک سیاسەتمەداری باکووری کوردستان له ڕۆژی ئازادکردنیدا گیانی لە دەستدا

سیاسەتمەداری کورد عەبدولمەلیک ئۆکیای تەمەن ٧١ ساڵ لە ڕۆژی ئازادکردنیدا لە زیندان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

سیاسەتمەداری کورد عەبدولمەلیک ئۆکیای کۆچی دوایی کرد

عەبدولمەلیک ئۆکیای سیاسەتمەداری کورد کە لە زیندانی شاری ئەرزرۆم ڕاگیرابوو، پێش ئازادکردنی لە زیندان تووشی جەڵتەی دڵ بوو، دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی توێژینەوەی ئەرزرۆم، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکان گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری شاری ئەرزرۆم.

بەرێوەبەرانی دەم پارتی شاری ئەرزرۆم، هاوسەرۆکانی شارەوانی شارەکە، بنەماڵە و کەسوکاری دوای ئاگادار بوونەوە لە هەواڵە دڵتەزێنەکە گەیشتنە بەردەم ناوەندی پزیشکی دادوەری و لەوێ کۆبوونەوە. دوای لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی دادوەری، تەرمی ئۆکیای ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ تەرمی ئۆکیای لە گوندی قڕکانی تەکمان بەخاک دەسپێردرێت.

عەبدولمەلیک ئۆکیای لە ساڵانی ١٩٨٠لە کاتی خوێندندا بزووتنەوەی سیاسی کورد دەناسێ و ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ مافەکانی گەلی کورد دەست پێدەکات. لە ساڵانی ١٩٩٠دا لەگەڵ پارتی ڕەنج (هەئەپە) کە یەکێکە لە پارتە سیاسییەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردە، دەستی بە سیاسەت بۆ گەلەکەی دەکات. ئۆکیا بۆ ماوەیەکی زۆر سەرۆکی هەدەپەی ئەرزرۆم بووە، پاشان وەک ئەندامی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) درێژە بە سیاسەت و چالاکییەکانی دەدات.

عەبدولمەلیک لە ساڵانی ١٩٩٠دا چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت، سەرەڕای هەموو گوشارەکان، لە تێکۆشانی بۆ مافەکانی گەلی کورد نەوەستا. بنەماڵە و هەڤاڵانی عەبدولمەلیک ئۆکیا ئەمڕۆ چاوەڕێی ئازادکردنی بوون، بەڵام بەداخەوە ڕووبەڕووی پرسەکەی بوونەوە.